دیمەنی بازاڕی چەمچەماڵ کە بەهۆی پچڕانی کارەباوە تاریکە- وێنە: 964+
ئەمڕۆ لە چەمچەماڵ زیاتر لە 10 کاتژمێر کارەبا نەبوو
هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ
ئەگەرچی دەبوو دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ کارەبای نیشتمانیان بۆ بگەڕێتەوە، بەڵام دابەشکردنی کارەبای چەمچەماڵ دەڵێت، کارەکان تەواو بووە و کارەبا لە دوای کاتژمێر 6ـەوە هاتەوە.
دوێنێ شەممە، قایمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ بڵاوی کردەوە کە بەهۆی بەستنەوەی سیستمی مۆبایلی 132/11kv نوێی چەمچەماڵ بە تۆڕی کارەبای نیشتیمانیەوە لە کاتژمێر 8ـی بەیانی ئەمڕۆ تاوەکو 2ـی پاش نیوەڕۆ، واتە تەنیا بۆ ماوەی شەش کاتژمێر، بەڵام زیاتر لە 10 کاتژمێرە کارەبای نیشتمانی نەبووە و دوات گەڕاوەتەوە.
نەگەڕانەوەی کارەبای نیشتمانی وایکرد ماوەی 9 کاتژمێر مۆلیدەکان کارەبا دابین بکەن.
سیستمی مۆبایلی 132/11kv، ویستگەیەکی جوڵاوە و لەسەر پشتی بارهەڵگر جێگیر کراوە، کۆمپانیای شاندز جێبەجێکاری پڕۆژەکەیە و ماوەی ساڵێک و نیو کاری تێدا کراوە و بڕیارە سبەی دووشەممە وەک تێست بە تۆڕی کارەبای نیشتمانی ببەسترێتەوە، گەر سەرکەوتوو بێت دەبێت بە موڵکی چەمچەماڵ.
ئەردەڵان محەمەد، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای چەمچەماڵ بە 964ی وت “وابڕیاربوو تەنیا 6 کاتژمێر کارەبای نیشتمانی ببڕدرێت، بەڵام ئێمە ئاگادارنین بۆچی دوای 10 کاتژمێر کارەبای نیشتمانی گەڕاوەتەوە”.
دەشڵێت: بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی کارەبای سلێمانی سەرقاڵی دانان و بەستنی سیستمی مۆبایلی 132kv و کۆنتڕۆڵی سلێمانی بەرپرسە لەپێدانی کارەبا.
سەرچاوەیەک لە لیژنەی مۆلیدە ئەهلیەکان بە 964ی وت “لە بەیانی کاتژمێر 8ـەوە کارەبای نیشتمانی بڕاوە و ئێمەش لە کاتژمێر 9ـی بەیانییەوە کارەبای مۆلیدەمان داوە و بۆیە دەبێت پشوو بە مۆلیدەکانمان بدەین”.
پێداچوونەوە: توانا نەقی