دوو ساڵە گردێك نزیکە لە رووخان و مەترسی لەسەر گیانی ٢٠٠ کەس دروستكردووە

شارەوانی دهۆک؛ ئاگادارین

+964


هێڤی دێوالی-دهۆك

لە گەڕەکی شێلێی پارێزگای دهۆک، دوو ساڵە گردێك مەترسی رووخانی لەسەرەو بووەتە مەترسی بۆ سەر گیانی زیاتر لە ٢٠٠ کەس.

شێلێ، یەکێکە لە کۆنترین گەڕەکەکانی پارێزگای دهۆک و، نزیکە لە بازڕی شارەکەو نزیکەی هەزارو ٥٠٠ ماڵ لەو گەڕەکەدا دەژین.

بەهۆی بارانبارینی چەند رۆژی رابردوو، مەترسی رووخان کەوتووەتە سەر پردێک کە دەکەوێتە سەر رووباری  هشکە رووڤەو، دانیشتووانی گەڕەکەش دەڵێن بەهۆی ئەو گردەوە مەترسی لەسەر ژیانیان دروستبووە شەوان ناوێرن بنوون.


عایشە محەمەد، هاوڵاتیەكی دانیشتووی گەڕەكی شیلێیە و ماڵی لە نزیك گردەكەیە قسەی بۆ +964 كردووە دەڵێت؛ ترسمان لە رووخانی گردەکە هەیەو بەهۆیەوە شەوان خەومان لێناكەوێت.

زیاتر وتی “لەو رۆژانەی کە باران بوو، تا بەیانی بەخەبەر بووم لەترسی رووخانی گردەكە”.

شارەوانی دهۆک؛ ئاگاداری كێشەی گەرەكی شێلێ هەن

دانیشتووانی گەڕەکەکە وەک خۆیان دەڵین، دوو ساڵە داوامان لە شارەوانی کردووە چارەسەری ئەو كێشەیەیان بۆ بكەن، هەر دەڵێن چاكی دەكەین و هیچیش دیار نییە.

هاوڵاتییەكی دیکەی دانیشتووی گەڕەكی شێلێ بە +964 دەڵێ؛ خۆمان چەندینجار گەڕەكەكەمان پاك كردووەتەوەو هەوڵمانداوە “رێگری بكەین لە رووخانی گردەكە، بەڵام ئەو كارە قورسە، تەنیا بە ئێمە ناكرێت پێویستە شارەوانی هاوكاریمان بكات”.

ئەندازیار شێرزاد تەیب لە شارەوانی دهۆك بە +964ـی راگەیاند؛ کە ئاگاداری كێشەی گەرەكی شێلێ هەن، “هەوڵدەدەین چارەسەری بكەین و بەدواداچونمان بۆ كردووە”.


پەیامنێری +964 دەڵێ؛ رووخانی گردەکە مەترسیی لەسەر ٢٠٠ ماڵی گەڕەکەکە دروست کردووە.