پیشەوەرانی دهۆک شوێنەکانیان چۆڵ ناکەن

964+

عەمار عەزیز – دهۆک

١٥ رۆژ بەسەر ئەو مۆڵەتە ٤٥ رۆژییەدا تێپەڕیوە کە شارەوانی دهۆک بۆ چۆڵکردنی ناوچەی پیشەسازیی کۆن بە پیشەوەرانی داوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کەسیان ئامادە نین بچنە ناوچە پیشەسازییە نوێیەکە.

نزیکەی دوو هەزار کاسبکاری ناوچەی پیشەسازیی دهۆک نیگەرانن لە بڕیاری گواستنەوەیان بۆ ناوچەی پیشەسازیی نوێ و دەڵێن نایگوازنەوە، بەڵام شارەوانیی شارەکە مۆڵەتی ٤٥ رۆژی بۆ گواستنەوەکە دیاریکردووە، کە ١٥ رۆژی تێپەڕیوە.

ناوچەی پیشەسازی نوێی دهۆك لە مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠١٩ دروستكراوە و لەسەر رووبەری ٣٦٠ دۆنم، زیاتر لە دوو هەزار شوێن و دوكانی تێدایە كە رووبەری هەر دوكانێكیان لە ٤٠ تا هەزار مەترە و پڕۆژەكە ٧٠ ملیۆن دۆلاری تێچووە.

زانا ئیبراهیم، ئەندازیاری سەرپەرشتیار لە پرۆژەکە بە میدیازانی وت، “تەواوی پرۆژەکە لەسەر ستانداری نێودەوڵەتی دروستکراوە، سیستمی ئاو، کارەبا و کۆژانەوە هەمووی لەژێر زەوی دروستکراوە، لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دەستمان پێکردووە و لە ئازاری ئەمساڵ تەواوبووە، رادەستی حکومەتیش کراوە تەنیا ئەوە ماوە بە فەرمی بکرێتەوە”.

حاجی ئیبراهیم، کە ٣٥ ساڵە لەو ناوچە پیشەسازییە کۆنەکەی دهۆک کار دەکات بە 964+ی وت، ئەو شوێنە نوێیە زۆر دوورە و هیچ کەسێک ئامادە نییە بگوازێتەوە و یەک دوکانداریش نەچووەتە ئەو شوێنە نوێیە.

بە وتەی پیشەوەران، جگە لە دووریی ناوچە پیشەسازییە نوێیەکە، کەموکورتیی تریش لە پڕۆژەکەدا هەیە، لە تەسکیی هەندێ کۆڵان و نەبوونی توالێت لە هەندێ لە دوکانەکان و بچووککردنەوەی رووبەری دوکانەکان لە کاتی دروستکردنیدا لە لایەن کۆمپانیاکانەوە.