باران دوو هەفتە دروێنەی گەنمی لە شارەزوور دواخست

964+

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

باران بارین دروێنەی گەنمی جوتیارانی لە دەشتی شارەزوور دواخستووە و پێشبینی دەکرێت لە یەک بۆ دوو ھەفتەی داھاتوو دەڕاسەکان داببارنە دەشتەکە.

لە دەشتی شارەزوور ئەمساڵ 591 ملیمەتر باران باریوە، مەزەندە وایە کە 18 ھەزار و 127 دۆنم زەوی گەنم چێندرابێت، باران بارین بڕشتی گەنمەکەشی زیادکردووە.

964 دەزانێت، کۆمپانیای ئاری شارەزوور بە بەرپرسانی ئیداری ناوچەکەی وتووە، دروێنەی گەنم لە ئێستادا زیانی دەبێت نەک قازانج، بە ھۆکاری ئەوەی گەنم تەڕە و بەرگەی ھاڕین ناگرێت.

بۆ ئەوەی گەنمەکە وشک بێتەوە یەک بۆ دوو ھەفتەی دیکەی پێویستە.

بەختیار عزەدین، بەڕێوەبەری سایلۆی سەیدسادق ئەمڕۆ شەممە 27.5.2023 بە 964ی وت، “تائێستا ھیچ بڕە گەنمێکمان وەرنەگرتووە، لەسەر بڕیاری وەزارەتی بازرگانی عێراقیش وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران سنوردار کراوە”

بۆ هەر دۆنمێک سەیدسادق و شارەزوور و بەرزنجە 126 کیلۆ، دەربەندیخان 110 کیلۆ، ناڵپارێز و پێنجوێن 69 کیلۆ گەنم لە جوتیاران وەردەگرن.

بەوتەی بەڕێوەبەری سایلۆی سەیدسادق، “ئەم بڕیارە جوتیارانی نیگەران کردووە و وتوویانە گۆرانکاری تێدا نەکرێت، گەنم رادەستی سایلۆ ناکەن”.

پێداچوونەوە: توانا نەقی