شەش گوند داوای چاککردنی رێگاکەیان دەکەن

964+
زەید کۆچەر

شەش گوندی سنوری ناحیەی گردەسێن لە قەزای ئاکرێ داوای چاککردنی رێگایەکی 10 کیلۆمەتری دەکەن کە هەر شەشیان پێکەوە گرێدەدات.

گوندەکان بریتین لە باقسپێ، لەکان، باژێری ژێر، باژێری ژوور، بانویرێ و ئیسماڤا.

964 پرسیاری لە موختاری ئەو شەش گوندە کرد، بۆی دەرکەوت رێگاکە لە ساڵانی 2000ـەکان دروستکراوە و ئێستا بە کەڵکی هاتوچۆکردن نەماوە.

لەوبارەیەوە، ئەحمەد سلێمان بەڕێوەبەری ناحیەی گردەسێن بە 964ی وت، “ئەم رێگایە لە پلانی خۆمان هەیە و کێشەیەکە چارەسەر دەبێت، بەڵام لە قۆناغی دووەمی پرۆژەکاندا، چونکە بودجەیەکی زۆری دەوێت کە زیاترە لە دوو ملیار دینار”.

وتیشی، هەوڵدەدەن بە زووی قیرتاوی بکەن و چارەسەری گرفتەکە بکەن.

لە سنوری ناحیەی گردەسێن 107 گوند هەن.