له‌ ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران چه‌ندین پڕۆژه‌ له‌ جێبه‌جێكردندان

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بڵاویكرده‌وه‌، خه‌ریكی جێبه‌جێكردنى چه‌ندین پڕۆژه‌ى جیاجیان له‌ سنووره‌كه‌یاندا و ده‌شڵێت پڕۆژەكان لە بوارەكانی راكێشانی تۆڕی ئاوی خواردنەوە، ئاوەڕۆ، رێگاوبانن.

به‌ پێی راگه‌یه‌ندراوێكی ئیداره‌ى سۆران، پڕۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆ لە گوندی بەرزێوە و گەڕەكی ئازادیی قەزای رواندز، كە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی چاككردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی سۆران جێبەجێ دەكرێت و  دروستكردنی ئاوەڕۆی گەڕەكی برادۆستیش له لایەن كۆمپانیای ڤارین، لە قەزای ناوەندی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، له‌ جێبه‌جێكردندایه‌.

له ‌سنوورى قه‌زاى سیده‌كانیشدا كار له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌ى گۆڕینی بۆڕی كۆنی پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی بەربزین – سیدەكان ده‌كرێت، كە سەرچاوەی ئاوی سەرەكیی سیدەكانە بە گوژمەی نزیكەی 300 ملیۆن دینار.

له‌ بوارى جوانكارى شۆسته‌ و شه‌قامه‌كانیشدا پڕۆژه‌یه‌ك له‌ سنوورى ئیداره‌ لە جێبەجێكردندایه‌، له‌ گوندی بێخاڵى سه‌ره‌ب قه‌زاى رواندزیش پڕۆژەی كۆنكریتكردنی بەشی یەكەمی كۆڵانەكانی ئه‌و گونده‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت.