دووکەڵی کۆمپانیا نەوتییەکان هەزاران کەس لە کەرکوک تووشی شێرپەنجە دەکەن

تووشبوون ١٥٪ زیادی کردووە

964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک

لە کەرکوک، تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەڵکشان دایەو لە ١٠ مانگدا زیاتر لە هەزار کەسی تێپەڕاندووە، بەرپرسی سەنتەری شێرپەنجەش دەڵی؛ دووکەڵی کۆمپانیا نەوتییەکان هۆکاری سەرەکین.

دکتۆر نیاز ئەحمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری شێرپەنجەی کەرکوک بە 964+ـی راگەیاند، ساڵانە رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە کەرکوک زیاد دەکات، ئەمساڵیش بەراورد بە ساڵی رابردوو تا رێژەی ١٥٪، ژامرەی تووشبووان زیادی کردووە.

“پێشووتر خەڵک بە كولێرا و تاعون دەمردن بەڵام ئێستا بە شێرپەنجە” دکتۆر نیاز ئەمحەد وای وت، ئاماری ١٠ مانگی رابردووشی بۆ +964 ئاشکرا کرد کەهەزار کەسی تێپەڕاندووە، ئەمەش بەراورد بە ١٢ مانگی ساڵی رابردوو بە قسەی خۆی زیاتر لە ١٥٪ زیدی کردووە کە پارساڵ لە کەرکوک نزیکەی ٩٠٠ کەس وەک تووشبووی شێرپەنجە روویان لە سەنتەری شێرپەنجەی کەرکوک کردووە.

زیاد ئیسماعیل محەممەد، تووشبووێکی شێرپەنجەیە و باوکی سێ منداڵە، ئەو قسەی بۆ 964+ کردووەو دەڵێ؛ ساڵی ٢٠١٧ تووشی شێرپەنجەی قوڕگ بووم، ئەمڕۆ پزیشكی تایبەت پێی وتم ئەمە دواین كۆڕستە، چونكە “سوپاس بۆ پەروەردگار بە رێژەی ٩٥٪ ئەو نەخۆشییەم تێپەڕاندووە”.

بەپێی ئاماری سەنتەری شێرپەنجەی کەرکوک، زۆرینەی تووشبووان، شێرپەنجەی قوڕگ و بۆڕی هەناسەدانیان گرتووەو، لەماوەی ١٠ مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە یەک هەزار کەس تووشی شێرپەنجە بوونە، ئەمە لە کاتێکدایە ئاماری پارساڵی رابردوو ژامرەکە نزیکەی ٩٠٠ تووشبوو بووە.

زۆرینەی ئەوانەشی تووشی شێرپەنجە دەبن، لە جۆری شێرپەنجەی هەناسە و قوڕگن

بە وتەی بەڕێوەبەری سەنتەری شێرپەنجەی کەرکوک، هۆکاری سەرەکی تووشبوون بە شێرپەنجە لە کەرکوک دەگەڕێتەوە بۆ پاشماوەو دووکەڵی کۆمپانیا نەوتییەکانی شارەکە، زۆرینەی ئەوانەشی تووشی شێرپەنجە دەبن، لە جۆری شێرپەنجەی هەناسە و قوڕگن.
بەپێی رێککەوتنێک، کۆمپانیای نەوتی باکور دەبێت مانگانە بە ١٠ ملیۆن دینار هاوکاری سەنتەری شێرپەنجەی کەرکوک بکات، بەڵام بەڕێوەبەری سەنتەرەکە دەڵێت؛ ئەو بڕە پارەیە زۆر کەمەو، ناتوانێ کێشەی کەمی دەرمان و پێداویستی پزیشکی سەنتەرەکە چارەسەر بکات.

یەکێک لە دیارترین پێویستییەکانی سەنتەرەکە، ئامێری “سی تی سكان” و “پی تی سكان”ـە، كە شێرپەنجەی پێش وەختە ئاشكرا دەكات، بەڵام ئەو دوو ئامێرە لە سەنتەرەکە نیەو مانگانە کۆمپانیای نەوتی باکور ژمارەیەك تووشبوو لە دەرەوەی سەنتەرەکە پشكنینیان بۆ دەكات.

دایکی ئەسما، کە کچەکەی تووشی شێرپەنجە بووە بە 964+ـی راگەیاند؛ كچەكەم دایكی چوار منداڵە، چەند ساڵێكە تووشی شێرپەنجەی منداڵدان بووە، ئەو “دەرمانانەی کە پێویستمانە لە نەخۆشخانەكەدا نیە، ناچارین لە دەرمانخانەكانی دەرەوە بیكڕین، هەفتەی جارێك بڕی ١٥٠ هەزار دینار دەدەین بە دەرمان کە لە مانگێكدا دەکاتە ٦٠٠ هەزار دینار، ئەوە جگە لە هاتوچۆ.”