بازاڕی چاویلکە لە سلێمانی- تایبەت بە 964
لە کاتی خۆڵباریندا کام چاویلکەیە باشە؟
964+
دیلان محەمەد جەزا
چاویلکەی دژەخۆر یەکێکە لە پێداویستییە گرنگەکانی رۆژانە و بە تایبەت وەرزی هاوین، پسپۆڕێکی چاو دەڵێت، مەرجە چاویلکە فلتەری تێدابێت.
چاویلکە هەر رەنگێک بێت، مەرجە فلتەری یوڤی لایتی تیادا بێت.
کاتێک چاویلکەت لە چاودا نییە و تیشکی خۆر لێت دەدات بیلبیلەی چاو بچوک دەبێتەوە، بۆ ئەوەی زیان بە چاو نەگات، بەڵام کاتێک چاویلکە بێ فلتەر لەچاو دەکەیت چاو بەتەواوی دەکرێتەوە تیشکە زیانبەخشەکان دەچنە ژوورەوە.
کاتێک تیشکی خۆر بەردەوام بەر چاو دەکەوێت، دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە تۆڕی چاو و هاوێنەکەی، بە تێپەڕبوونی کات دروستبونی ئاوی سپی خێرا دەکات.
د.هێمن رەوف پسپۆڕی نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی چاو بە 964ی وت، پێویستە کاتێک چاویلکەیەک دەکڕیت، فلتەری پۆلۆرایزی تێدابێت کە لە دوکانەکان بە چاویلکەکەوە وێنەیەک نیشان دەدرێت، پاشان بە ئامێری تایبەت بپشکندرێت بۆ دڵنیابوون لە فلتەری یوڤی.