فیل و مانگاکە دەگەڕێنەوە عێراق

964+
دێسکی کوردی

باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەمریکا دوو پارچە شوێنەواری لەو وڵاتە وەرگرتەوە کە مێژووەکەیان بۆ نزیکەی شەش هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

دوو پارچە شوێنەوارەکە بریتین لە پەیکەری فیل و مانگایەک کە لە سەردەمی سۆمەرییەکان دروستکراون.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، “کاربەدەستانی شاری نیویۆرکی ئەمریکا دوو پارچەی بەنرخی مێژووییان بۆ گەڕاندینەوە کە لە ساڵی 1991ـەوە بردرابوون”.

نرخی دوو پارچە شوێنەوارییەکە بە 275 هەزار دۆلار خەمڵێندراوە.

پەیکەری ئەو فیل و مانگایە دەگەڕێتەوە بۆ شاری ئۆروک لە پارێزگای بابل کە بە شارستانییەتی سۆمەر و دواتر بابلییەکان ناسراوە.

عێراق ساڵانێکە دەستیکردووە بە پرۆسەی گەڕاندنەوەی پارچە شوێنەوارەکانی کە لە قۆناغی جیا جیادا لێی دزراوە یان بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لێی وەرگیراوە.

سەرەتای ئەم مانگە عێراق شەش هەزار پارچە شوێنەواری لە بەریتانیا و ساڵی 2021یش 17 هەزار پارچە شوێنەواری لە ئەمریکا وەرگرتەوە.

فیل و مانگاکە دەگەڕێنەوە عێراق