گوندنشینانی هەولێر بیرەکانیان بە وزەی خۆر ئیشپێدەکەن

کارەبای وزەی خۆر دەبرێتە گوندەکانی هەولێر
964+
هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی


بە هاوکاری نەتەوەیەکگرتووەکان، پڕۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر لە گوندەکانی دەوروبەری هەولێر جێبەجێدەکرێت و لەمەودوا ئیشپێکردنی بیری کشتوکاڵی و ئاوی خواردنەوەی ئەو گوندانە بە وزەی خۆر دەبێت.
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە 964+ـی راگەیاند؛ نزیکەی شەش گوند سوودمەند بوون و لە رێگەی ئەو سیستەمەی کە پێیدەوترێت سۆلار پەمپ کارەبای بیرەکانیان بۆ دابین کراوە.”
وتیشی، ٤٠ بیری کشتوکاڵی و پێنج بیری ئاوی خواردنەوە لە ناوچە گوندنشینەکانی پارێزگای هەولێر کارەبایان بۆ دابین کراوە و پرۆژەکە تێچووی راکێشانی کارەبا بە تەل و عاموود لەکۆڵ حکومەت دەکاتەوە.
وەزارەتی کارەبا لە وێبسایتی خۆیان دوێنێ رایگەیاند، لەلایەن رێکخراوی UNDP بڕی دوو ملیۆن دۆلار بۆ پرۆژەکە تەرخانکراوە و لەلایەن کۆمپانیای بلو ڕەی ئێنرجی جێبەجێکراوە.
لە هەرێمی کوردستان ٣٨٠ پرۆژە و شوێنی نیشتەجێبوون کارەباکەیان لە رێگەی سیستەمی سۆلەر یاخود وزەی خۆر بەرهەمدەهێنن و بڕی ١.٨ مێگاوات کارەبایان هەیە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا گرێبەستی لەگەڵ سێ کۆمپانیا کردووە بۆ بەرهەمهێنانی ٧٥ مێگاوات کارەبا.