800 گوند مه‌ترسیی چۆڵبوونیان له‌سه‌ره‌

بۆ گلدانەوەی ئاو پۆندى هەرەوەزی لە گوندەکان دروستدەکرێت

فەرمان سادق

بە هاوکاری رێکخراوی یونیسێف، حکومەتی هەرێم پۆندی هەرەوەزی بۆ گلدانەوەی ئاو لە گوندەکان دروستدەکات.

ئەم دەستپێشخەرییە ئامانج لێی چارەسەرکردنی کێشەى کەم ئاوى و کاریگەرییەکانى وشکەساڵییە لە گوندەکان و گەشەپێدانى کەرتەکانى کشتوکاڵ و گەشتیارى.

ئەو پۆندانە، لەسەر رێڕەوە ئاوییەکانى باراناو دروست دەکرێن بە مەبەستی نەهێشتنی زیان و مەترسییەکانی لافاو، هەروەها بوونی سەرچاوەیەکى گرنگی ئاوە بۆ کەرتەکانى کشتوکاڵ و گەشتیاری و ئاودێرى.

کاروان سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ئاماژەی بەوەدا کە ئەو پۆندە هەرەوەزییانە له‌سه‌ر بنه‌مای رێنمایی پۆنده‌كان کە ساڵی 2022 دەرچووە، بۆ گوندنشین و جوتیاران دروست دەکرێن بە مەرجێک کە سوودی گشتی لەبەرچاو بگیردرێت.
هه‌رێمی كوردستان، بەهۆی گۆڕانی ئاوهەواوە رووبەڕووی گرفت دەبێتەوە وەکو دووباره‌بوونه‌وه‌ی وشكه‌ساڵی و که‌مبوونه‌وه‌ی ئاستی ئاوی ژێرزه‌وی و لێدانی زۆری بیره‌ قووڵه‌كان.

به‌ گوێره‌ی رووپێوی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی سه‌رچاوه‌كانی ئاو بێت، نزیكه‌ی 800 گوند مه‌ترسیی وشكبوونی سەرچاوەى ئاو و چۆڵبوونیان له‌سه‌ره‌.

بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئەم پرۆژەیە، سنوورێک بۆ‌ هەڵگۆزینی ئاوی ژێرزه‌وی دادەنێت و گلدانەوەى باراناو زیاتر دەکات، دەبێتە هۆکارێکیش بۆ مانەوەی گوندنشینان و چۆڵنەبوونى گونده‌كان.

لە کابینەی نۆیەمدا، رەزامەندیی لەسەر دروستکردنی 41 پۆند داوە، کە نۆ پۆندیان بەشێوەی (ppp) دروست کردووە،  تێچووەکەشی 106 ملیار دینارە.