بەهۆی بارانەوە چوار مەتر ئاستی ئاوی بەنداوی دهۆک زیادی کردووە

+964

هیڤی دێوالی

بەهۆی ئەو شەپۆڵە باران بارینەی چەند رۆژی رابردوو، چوار مەتر ئاستی ئاوی بەنداوی دهۆک زیادی کردووە.

ئەندازیار عەبدولقادر محەمەد سالح، سەرۆکی ئەندازیارانی بەنداوی دهۆک بە +964ـی راگەیاند، بەهۆی باران بارینی سێ رۆژی رابردوو ٧٧.٨ ملیم باران لەسەر بەنداوی دهۆک باریوەو بەمەش چوار مەتر ئاستی ئاوەکەی زیادی کردووە.

“رێژەی ٧٧.٨ ملیم باران رژاوەتە ناو بەنداوی دهۆک، هەروەها ٩٨ ملیم ئاو رژاوەتە بەنداوی کەشکان و ٩١ ملیم بارانیش رژاوەتە بەنداوی خەنس”

زیاتر روونی کردەوە لە رۆژانی ٢٥ـی مانگ تا ٢٧ـی ئەم مانگە، رێژەی ٧٧.٨ ملیم باران رژاوەتە ناو بەنداوی دهۆک، هەروەها ٩٨ ملیم ئاو رژاوەتە بەنداوی کەشکان و ٩١ ملیم بارانیش رژاوەتە بەنداوی خەنس لە سنووری پارێزگای دهۆک.

ئەندازیار عەبدولقادر محەمەد سالح، سەرۆکی ئەندازیارانی بەنداوی دهۆک دەڵی؛ ئاستی بەنداوی کەشکان چوار مەتر زیادی کردووە، بەنداوی خەنس دوو مەترو ٢٤ سانتیمەتر زیادی کردووە، وتی “ئەو رێژە باران بارینە زۆر بەسوود بوو ، چونکە هەر سێ بەنداوەکە ١٠٠٪ پشت بە ئاوی باران دەبەستن بۆ زیادکردنی ئاستی ئاوەکەیان”.

 +964 دەزانێت، بەنداوی دهۆک توانای ئەمبارکردنی ٥٢ ملیۆن مەتر چوارگۆشە ئاو سێجا ئاوی هەیە، بەو بارانەی باری ئێستا ئاستی ئاوەکەی بۆ سەرووی ١٨ ملیۆن مەتر چوارگۆشە ئاو سێجا زیادی کردووە، هەرچی بەنداوی کەشکانە توانای ئەمبارکردنی ملیۆنێک مەتر چوارگۆشە ئاو سێجای هەیە، هەروەها بەنداوی خەنس توانای ئەمبارکردنی حەوت ملیۆن مەتر چوارگۆشە ئاو سێجای هەیە.

بەنداوی دهۆك لە نزیك سەنتەری شاری دهۆكە و لە ساڵی ١٩٨٨ دروستكراوە،٦٠ مەتر بەرزە و توانای گلدانەوەی ٥٢ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە و بەنداوی خەنسێ  لە نزیك ناحیەی باتیلە لە پارێزگای دهۆك و توانای گلدانەوەی ٧ ملیۆن مەتر سێجا ئاو هەیە و بەنداوی  كەشكانێ لە ساڵی ١٩٨٥ دروستكراوە و توانای گلدانەوەی ١٨ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.