کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم. فۆتۆ: فەرمانگەی میدیا و زانیاری
ئەنجومەنی وەزیران رێکخستنەوەی دارایی گشتی پەسەند کرد
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبووەوە و بڕیاری رێکخستنەوەی دارایی گشتی و بەناوەندیکردنی موچەی پەسەند کرد و داوا دەکات پەلە بکرێت لە پەسەندکردنی بودجەی عێراق.
بە پێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ چوارشەممەی ئەنجومەنی وەزیران، سەرجەم وەزیرەکان راسپێردران، کە لە ئێستاوە پلانی جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنی رێکخستنەوەی دارایی گشتی دابڕێژن و بۆردێکی باڵای پشتیوانی پێکهێنرا بۆ ئاسانکاریی و لابردنی بەربەست و ئاستەنگەکان.
“[رێکخستنەوەی دارایی گشتی] جارێکی دیکە بنەماکانی دارایی گشتی لە هەرێم دادەڕێژێتەوە بە ئاراستەی بە ناوەندییکردنی داهات و خەرجییەکان و بە ناوەندیکردنی موچە لە سەرتاسەری هەرێم کە کاری لە پێشینەی بێت پێش هەر خەرجیەکی دیکە و پەیڕەوکردنی یەکسانی و ژمارەی دانیشتووان بۆ خەرجییەکان (جگە لە موچە) نەک پەیڕەوکردنی دابەشکردنی رێژەکاری لەسەر ئاستی داهاتی پارێزگا”، بە پێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا داوا کراوە حکومەتی عێراق رێز لە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت و هیچ هەموارکردن و گۆڕانکارییەک لە پڕۆژەکە نەکرێت، کە لە دەرەوەی بڕگەکانی رێكکەوتن و لەیەکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوولا بێت.
حکومەت گفتوگۆی کردووە لە بارەی ئەو مادانەی پەیوەستن بە شایستە داراییەکانی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق و وتویەتی، گۆڕانکاری لە مادەی 12 کرا و ئەو دەستەواژەیە لابراوە، کە مەترسی بوو لەسەر ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
ئەنجومەنی وەزیران نوسراو بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەکات بۆ کارکردن بە مادەی 13 لە یاسای ئیدارەی دارایی فیدڕاڵیی ساڵی 2019، بە رەوانەکردنی یەک لەسەر دوانزدەی خەرجییە کردارییەکانی هەرێم لە ساڵی پێشوو، هاوشێوەی ئەو میکانیزمەی کە خەرجییەکانی پارێزگاکانی دیکەی عێراقی پێ خەرج دەکرێت.