رۆنگۆڕێکی تەقتەق دەبێتە فریادڕەسی خاوەنی ئەو پاسەی لافاو بردی

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

رۆنگۆڕێکی تەقتەق دەبێت بە فریادڕەسی ئەو هاوڵاتییەی کە پاسەکەی لە زێی بچووک لافاو بردی، تا ئێستا نزیکەی حەوت ملیۆن دیناری بۆ کۆکردووەتەوە.

ئارام کەریم مستەفا خاوەنی پاسە تێکشکاوەکەیە، ئەو بە 964+ـی راگەیاند، پاسەکەی بە پێنج هەزار و ٢٠٠ دۆلار کڕیبوو کە دەکاتە ٥٢ وەرەقە، بەڵام “بەم جۆرەی ئێستا ٢٠٠ دۆلاریش ناکات.” 

شەوی ٢٥ـی ئەم مانگە، پاسێک لە جۆری “تۆیۆتا هایس” مۆدێل ٢٠٠٤ بە پێنج سەرنشینەوە لە ئاخجەلەری سنووری چەمچەماڵ لافاو بردی، دوای رۆژێک لە گوندی موخەرەسی ناحیەی تەقتەق، پاسەکە بەتێکشکاوی لەنێو زێی بچووک دۆزرایەوە و دەرهێندرا.

کاروان رەزا حەمەدئەمین، رۆنگۆڕێکی ناحیەی تەقتەقەو، شەوی رابردوو پاسەکەی بردووەتە بەردەم دوکانەکەی خۆی و بۆ ماوەی دوو کاتژمێر سندوقێکی کۆمەکی داناوە تا خەڵک هاوکاری خاوەن پاسەکە بکەن، لەو ماوەیەدا بە هاوکاری چەند کەسێکی دیکە زیاتر لە شەش ملیۆن دیناری بۆ خاوەنی پاسەکە کۆکردووەتەوە.

کاروان رەزا بە 964+ـی راگەیاند؛ تا ئێستا شەش ملیۆن و ٧٢٢ هەزار دینارمان بۆ خاوەنی پاسەکە کۆکردووەتەوە، خەڵکێکی زۆر پەیوەندی دەکەن و دەڵێن پارەمان بۆ داناوە، ئیشەڵا ئەمڕۆ بڕی پارەکە دەگاتە زیاتر لە حەوت ملیۆن دینار.”

ئارام کەریم مستەفا، خاوەنی پاسەکە بە 964+ وت “خۆم پاسەکەم بە بڕی پێنج هەزار و ٢٠٠ دۆلار کڕیوە، بەڵام نرخیم پرسیوە لەئێستا بەهای پاسێکی لەو جۆرە نزیکەی ١٠ هەزار دۆلارە.”

ئارام کەریم مستەفا، بە پاسەکەی هاتووچۆی بە ژمارەیەک خوێندکاری پەیمانگای تەکنیکی چەمچەماڵ دەکرد، ئەو دەڵێت، بەهۆی لافاوەکە مۆڵەتی شۆفێرییەکەی و ساڵانەی ئۆتۆمبێلەکەشی ئاو بردوونی و نەدۆزراونەتەوە.