سەر شەقام و شۆستەکان به‌كارنه‌هێنن

هۆشداری ده‌درێته‌ خاوەن گەراجه‌كانى سلێمانى

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

لیژنه‌ی هاتوچۆی قایمقامیه‌تی سلێمانی، هۆشداری ده‌داته‌ خاوەن گەراجه‌كانى شاره‌كه‌ى، ئه‌گه‌ر سەر شەقام و شۆستەکان به‌كاربهێنن بۆ راگرتنى ئوتومبێل، سزایان ده‌دات.

ماوه‌یه‌كه‌ ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی سكاڵایان له‌سه‌ر ئه‌و خاوه‌ن گه‌راجانه‌ كردبوو، كه‌ شۆسته‌ و شه‌قامه‌كانى نزیك‌ گه‌راجه‌كانیشیان به‌ كرێ ده‌ده‌ن.

قایمقامیه‌تى سلێمانى، له‌ زارى دانا عوسمان، سه‌رۆكی لیژنه‌ی هاتوچۆی قائیمقامیه‌ت بڵاو‌یكردووه‌ته‌وه‌، شه‌قام و شۆسته‌ی به‌رده‌م پاركه‌كانی ئوتومبێل موڵكی گشتین و بۆ راگرتنی ئوتومبێل و به‌كرێدان نییه‌.

ده‌شڵێت، لیژنه‌كه‌یان‌ رێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر چه‌ند شوێنێك گرتووه‌ته‌به‌ر و سزای یاساییان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنێت، كه‌ ئه‌و كاره‌یان كردووه‌.

سه‌رۆكی ئه‌و لیژنه‌یه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، پارككردنی ئوتومبێل له‌ شه‌قامه‌كان و گه‌ڕه‌كه‌كان به‌ تایبه‌تی ناو بازاڕ قه‌ده‌غه‌یه‌، باشتر وایه‌ له‌ ناو پاركه‌كانی ئوتومبێل رابگیرێت، بۆ ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی سزا و غرامه‌كردن نه‌بنه‌وه‌.

باسی له‌وه‌ش كردووه‌، هه‌ر خاوه‌ن گه‌راجێك ئوتومبێلی هاوڵاتیان له‌سه‌ر شه‌قام یان شۆسته‌ی نزیك گه‌راجه‌كه‌ی رابگرێت و كرێی لێوه‌ربگرێت، شۆفێره‌كه‌ ده‌توانێت سكاڵای له‌سه‌ر بكات و لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان ئاگاداربكاته‌وه.