رێکخراوێکی نەرویجی ١٠٠ هەلی کاری لە دهۆک راگەیاند

٧٠٠ کەس سی ڤی پێشکەش کردووە

+964

عەمار عەزیز – دهۆک

رێکخراوێکی نەرویجی بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی دەنگی پیران و خێزان، لە پێشانگایەکدا بۆ دەرچووانی کۆلیژو پەیمانگاکان، سەد هەلی کاریان دەخاتەبەردەست.

رێکخراوی (NRS)ـی نەرویجی، بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی دەنگی پیران و خێزان لە دهۆک، لە پێشانگایەکدا سەد هەلی کاریان راگەیاند بۆ دەرچووانی کۆلیژ و پەیمانگا و ئەوکەسانەی بەدوای کاردا دەگەرێن.

رائید محەمەد، لە رێکخراوی (NRS)ـی نەرویجی بە +964ـی راگەیاند، رۆژی ٢٤ـی ئەم مانگە لە هۆڵی کوین لە دهۆک، بە هاوکاری رێکخراوی دەنگی پیران و خێزان، پێشانگایەکی هەلی کارمان بۆ دەرچووانی پەیمانگا و کۆلیژەکان راگەیاندو، نزیکەی ٤٠ کۆمپانیای ناوخۆی دهۆک بەشداریان کردو، دەرفەتی کاریان خستەڕوو.

+964 دەزانێت، تا ٧٠٠ کەس سیڤی خۆیان پێشکەش کردووە بە کۆمپانیا بەشدارەکانی پێشانگایەکەو، بە نیازیشن لە مانگی ئاداری ٢٠٢٣، پێشانگایەکی دیکەش بکەنەوە.

دڵشاد جاسم، بەرپرسی پەیوەندییەکان لە کۆمپانیای پلان بازاڕ بە +964ـی وت، ١٥٠ بۆ ٢٠٠ سیڤیمان وەرگرتووەو، بەپێی دەرفەتی کارو پسپۆڕی کەسەکان وەردەگرین.

زیاتر وتی “مانگێکی تر ٣٠ کەس لە کۆمپانیاکەمان وەردەگرێن”.

کاژین محەمەد، دانیشتووی ناحیەی چەمانکێ سەر بە قەزای ئامێدییەو، دەرچووی کۆلیژی کارگێری و ئابورییە، لە ئامێدییەوە هاتبوو بۆ بەشداری پێشانگایەکەو ٧٣ کیلۆمەتری بڕی بوو، بۆ ئەوەی لە دهۆک کارێکی دەستکەوێ.

کاژین بۆ +964قسەی کردووەو دەڵێ؛ سیڤییم پێشکەشی چەند کۆمپانیەک کردووە، وتی “لە ساڵی ٢٠١٨ بەشی کارگێڕی و ئابووری زانکۆی دهۆکم تەواو کردووە، لەو کاتەوە دەیانجارە سیڤییم پێشکەش بە رێکخراو و کۆمپانیەکان کردووە، بەڵام هێشتا هیچ کارێکم دەست نەکەوتووە”.

زیاتر وتی “لەم پێشانگایە سیڤیم پێشکەشی پێنج کۆمپانیا کردووە، هیوادارم ئەمجارە کارم دەست کەوێت”.