وەستانی ئۆتۆمبێلێک لەسەر شۆستە لە قەزای زاخۆ. وێنە: قایمقامیەتی قەزای زاخۆ
رۆژانە بە دەیان سزا دەدرێن
لە زاخۆ ئۆتۆمبێلەکەت لەسەر شۆستە رابگری سزا دەدرێیت
964+
فەرمان سادق
لە قەزای ناوەندی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئۆتۆمبێل لەسەر شۆستە رابگریت سزا دەدرێیت، قایمقامیەتی شارەکەش دەڵێت رۆژانە بە دەیان سزا دەدرێن.
قایمقامیەتی قەزای ناوەندی زاخۆ بەردەوامن لە هەڵمەتی سزادانی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەسەر شۆستە رایدەگرن.
هەڵمەتەکە کە دوو ساڵە بەردەوامە، نەک ئۆتۆمبێل بەڵکو ئەو دوکاندارانەش دەگرێتەوە کە کاڵاکانیان دەهێننە بەردەم دوکانەکانیان.
تەنیا دوێنێ دووشەممە، هەشت ئۆتۆمبێل و دوو دوکاندار سزا دراون.
وەڵات هەجەر، بەرێوەبەری کارگێری قایمقامیەتی زاخۆ بە 964ـی وت، هەر دوکاندارێک کاڵا بێنێتە بەردەم دوکانەکەی سزا دەدرێت، هەر کەسیش ئۆتۆمبێل لەسەر شۆستە رابگرێت ئەویش سزا دەدرێت.
ئەگەرچی هەڵمەتەکە لە مانگی تەمووزی 2021 دەستی پێکردووە، بەڵام هێشتا خەڵکی زاخۆ بە تەواوەتی پابەند نین.
وەڵات هەجەر، باس لەوەشدەکات کە دەڕابی سەرجەم دوکاندارەکانی زاخۆ کراوە بە ئەلیکۆبۆن و رەنگیان سپییە، ئەمەش بۆ جوانکردنی ناوشارە، وتیشی “ئەگەر سەردانێکی زاخۆ بکەیت، وادەزانیت لە پاریسی، هیچ دوکاندارێک نابینی کاڵای لە دەرەوە بیت، هیچ ئۆتۆمبێلێکیش نابینیت لەسەر شۆستە بیت، ئەوەیشی هەیە ئێستا تاکوتەرایە و سزا دەدرێن”.
سەنتەری قەزای ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە 111 گەڕەک پێکهاتووە.