دیمەنێک لە قەزای قوشتەپە. وێنە: Social Media
قوشتەپە كرا بە قەزا
كوردستان ئەحمەد
بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ناحیەی قوشتەپە لە پارێزگای هەولێر كرا بە قەزا.
نووسراوەکە فەرمیە و واژۆی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی لەسەرە بە رێکەوتی 21.5.2023، تێیدا هاتووە، ناحیەی قوشتەپە بە هەمان سنووری ئێستایەوە دەبێتە قەزا.
قوشتەپە سەر بە پارێزگای هەولێرە و ژمارەی دانیشتووانەکەی 22 هەزار و 850 کەسن، 59 گوندی هەیە، شارەدێی قوشتەپە تێکەڵە لە دەشت و گرد، دەکەوێتە نێوان زنجیرە گردی زۆرگە زراو و زورگەکانی دێدەوان، زێی بچوک بە باشووری شارەدێیەکە تێدەپەڕێت، قوشتەپە 22 کیلۆمەتر لە هەولێر دوورە.
قوشتەپە دەبێتە 14یەم قەزای پارێزگای هەولێر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیشەوە.
رێگا لە ناوەندی قوشتەپە بۆ هەولێر قیرتاوە، لە هاویندا زۆر گەرمە لە زستاندا ساردە، بەڵام لە پاییز و بەهار خۆش و مامناوەندییە، خەڵکی خەریکی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و کارمەندی حكومین.
پاش ئەوەی فەرمانی بەقەزابوونەكە لە رۆژنامەی وەقائیقی كوردستان بڵاوكرایەوە، دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.