"ئامادەی بەجێهێشتن بن"

ئەمریکا هۆشدارییە توندەکەی بۆ هاوڵاتیانی لە بارەی دۆخی ناوچەکە و عێراق نوێکردەوە

فەرهاد حەسەن

باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەغداد و کونسوڵخانەی گشتی لە هەولێر، هۆشدارییەکەی پێشتریان بۆ هاوڵاتیانیان لەبارەی بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق نوێکردەوە و ئەمڕۆ 1.8.2026 ئاگادارییەکی ئەمنیی بەپەلەیان ئاڕاستە کردم.

هۆشداریان داوەتەوە هاوڵاتییانی وڵاتەکەیان لە عێراق و ناوچەکە، لە پەرەسەندنی چاوەڕواننەکراوی گرژییەکان و تێکچوونی دۆخی ئەمنی.

لە هۆشدارییەکەدا هاتووە کە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دۆخی ئەمنی بە ئاڵۆزی ماوەتەوە و ئەگەری روودانی پەرەسەندنی توند و کتوپڕ هەیە، داوای لێکردوون زۆرترین ئاستی وریایی بنوێنن و ئامادەبن بۆ ئەگەری راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان و داخستنی کایەی ئاسمانی بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە.

ئەمریکا، ئێرانی بە “پێشبینینەکراو” وەسفکردووە و ئاماژەی بەوە کردووە کە تاران و گرووپە لایەنگرەکانی رەنگە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، کۆمپانیاکان و دامەزراوە ئەمریکییەکان لە سەرانسەری جیهان بکەنە ئامانج، دەڵێت “ئێران مەودای کارە سەربازییەکانی فراوانتر کردووە بۆ ناوچەی نوێ کە پێشتر ئارام بوون، وەک وڵاتی میسر”، بۆیە جەخت کراوەتەوە کە ئەگەر ناوچەیەک پێشتر ئارام بووبێت مەرج نییە لە داهاتوودا بە ئارامی بمێنێتەوە.

بۆ ئەو هاوڵاتیانەی لە دەرەوەی ناوچەکەن، پێویستە بە جدی پێداچوونەوە بە بڕیاری گەشتکردن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یاخود تێپەڕبوون بە ئاسمانی ناوچەکەدا بکەن.

ئەوانەشی لە ناوچەکەن، پێویستە بیر لە بەجێهێشتنی ناوچەکە بکەنەوە، یاخود بە تەواوی ئامادەبن بۆ رۆیشتنی لەناکاو ئەگەر دۆخەکە تێکچوو.

داواشیان لێکراوە، بەردەوام چاودێری کاتی گەشتەکانی فڕۆکەخانەکانی (هەولێر، سلێمانی، بەغداد و بەسرە) بکەن لە رێگەی سایتە فەرمییەکانیانەوە.