شەڕەکە ناو یاریگای فرانسوا هەریری چۆن روویدا و چەند کەس بریندارن؟

964+

فەرمان سادق

بەهۆی ناڕەزایەتی لە تیمی ناوبژیوانان، لە کۆتایی یارییەکەی نێوان هەردوو یانەی پێشمەرگەی هەولێر و دهۆک لە یاری کۆتایی جامی کوردستان شەڕ روویدا.

بەهۆی شەڕەکەوە زیاتر لە 30 هاندەر بریندار بوون کە پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکانیشی تێدایە.

شەڕەکە چۆن روویدا؟

پێش کۆتایی هاتنی یارییەکە، هاندەرانی یانەی دهۆک لەسەر پەیژەی هاندان هێرشیان کردەسەر هاندەرانی یانەی پێشمەرگەی هەولێر، بەڵام کە یارییەکە کۆتایی هات، راهێنەر و دەستەی کارگێڕی و یاریزانانی یانەی دهۆک هێرشیان کردەسەر دەستەی ناوبژیوانان، لەوێوەوە شەڕەکە دەستی پێکرد.

ئەگەرچی هەوڵدرا تیمی ناوبژیوانان بپارێزرێت و پەرژینی پاراستنیان بۆ هێندرایە ناو یاریگا، بەڵام هاندەرانی دهۆک هێرشیان کردە سەر پەرژینەکە بە مەبەستی دەستگەیشتن بە ناوبژیوانان.

هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش هەوڵی زۆریاندا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شەڕەکە، بەڵام سوودی نەبوو، بۆیە ناچاربوون بلاجکتۆری ناو یاریگایان کوژاندەوە.

کوژاندنەوەی بلاجکتۆر نەیتوانی کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت و تەنانەت لە دەرەوەی یاریگاش شەڕ هەر بەردەوام بوو.

چەند کەس بریندار بوون؟

بەگوێرەی زانیارییەکانی دەست 964 کەوتووە، زیاتر لە 30 هاندەر لە هەردوولا لە شەڕەکە بریندار بووە، لەناویاندا پۆلیسی چالاکی مەدەنیش هەن.

شڤان محەمەد، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی وەرزشی دهۆک بە 964ـی وت، 15 هاندەری یانەی وەرزشی دهۆک بریندار بوونە.

نیهاد عادل، سکرتێری یانەی وەرزشی پێشمەرگەی هەولێر بە 964ـی وت، 10 کەسمان بریندارن لە دەستەی کارگێڕی و یاریزان و هاندەرە نزیکەکانی یانەکە.

جگە لەوانە، دەیانی دیکە بە گازی فرمێسکڕێژ بریندار بوونە و هەروەها دەیانی دیکەش برینی سووکیان هەبووە و نەچوونەتە نەخۆشخانە.

لە جیاتی خەڵات ئامبولانس رەوانەی یاریگا کرا

بەهۆی شەڕەکەوە خەڵاتی یەکەم و دووەم، خەڵاتەکانی دیکەی جامی کوردستان دابەش نەکرا و دیاریش نییە کەی خەڵاتەکان دابەشدەکرێن.

هەر بەهۆی شەڕەکەوە، لە جیاتی دابەشکردنی خەڵات، هەشت ئۆتۆمبێلی ئەمبولانس رەوانەی یاریگای نێودەوڵەتی فرانسوا هەریری کران بۆ گواستنەوەی بریندارەکان.

زیانەکانی بەر یاریگای فرانسوا گەیشتووە دەخرێتەڕوو

بڕیارە کاتژمێر 11ـی بەیانی سبەی دووشەممە 22.5.2023، کارگێڕی یانەی وەرزشی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا قسە لەسەر یارییەکەی ئەمشەو بکەن کە بەهۆی گرژی و شەڕەوە، زیانێکی زۆر بەر پەیژە و کورسی دانیشتنی هاندەران کەوتووە.