لە بالەی ئاسیا غازی جنوب شکستی هێنا و پلەی شەسەمی گرت
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
لە یارییەکانی خولی بالەی ئاسیا، یانەی غازی جنوب لە بەرامبەر یانەی کوەیت تووشی شکست هات و پلەی شەشەمی ریزبەندی خولەکەی بەدەستهێنا.لە شاری مەنامەی ووڵاتی بەحرەین، رکابەرییەکانی خولی بالەی یانەکانی ئاسیا درێژەی هەیە و یارییەکانی لە کۆتایی نزیک بوونەتەوە.
لە یاری دەستەبەرکردنی پلەی پێنجەم، یانەی غازی جنوبی نوێنەری عێراق رووبەڕووی کوەیتی کوەیت بووەوە، هەرچەندە لە یاری پێشوودا غاز سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنابوو، بەڵام لەم یارییەدا و دوای ململانێیەکی زۆر یانە کوەیتییەکە بەئەنجامی سێ گێم بەرامبەربە دوو گێم بردنەوەی بەدەستهێنا، خاڵی گێمەکانیش بریتی بوون لە 23 – 25, 29 – 27, 15 – 25, 25 – 18, 15 – 11.
عەبدوڵا کەریم، یاریزانی کوردی ریزی یانەی غازی جنوب لە لێدوانێکدا بۆ 964 وتی، هەرچەندە لە یاری پێشوو بە ئاسانی سەرکەوتنیان بەدەستهێنابوو، بەڵام لەم یارییەی ئەمڕۆدا یانەی کوەیت جیاوازبوون، هەوڵی زۆرماندا یارییەکە ببەینەوە، بەڵام سەرکەوتوونەبووین.
ئەو یاریزانە کوردە وتیشی، بۆ ئەو ئەم پاڵەوانێتییە ئەزموونێکی باشی پێبەخشیوە و سەرەڕای بەهێزی یانەکان، بەڵام توانیویەتی ئاستێکی بەرز پیشان بدات.
بەم شکستە یانەی غازی جنوب لە کۆی 6 یاری سێ بردنەوەی بەدەستهێنا و لە سێ یاریش تووشی شکست هات، دواجاریش پلەی شەشەمی خولی بالەی ئاسیای بەدەستهێنا.
پێداچوونەوە: توانا نەقی