کێشەی زەوییەکانی کاتی خاپوربوونی سەیدسادق چارەسەر دەکرێت

964+

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

لیژنەی شارەوانی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوایکردووە، ھەر پارچە زەوییەک کە بەھۆی خاپوربوونی سەیدسادق بەڵگەنامەی خاوەندارێتی نەماوە و مافی خەڵکی تێدایە، بۆ خاوەنەکەی بگەڕێندرێتەوە یان قەرەبوو بکرێتەوە.

رۆژی 18.5.2023 ژمارەیەک ھاوڵاتی کە لە رووداوی خاپورکردنی قەزای سەیدسادق لەساڵی 1988 بەڵگەنامەی خاوەندارێتی زەوییەکانیان نەماوە، داوایانکرد ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی زەوییەکانیان بۆ بگەڕێنێتەوە، کە بەشێکیان ماڵن یان کراون بە پرۆژەی بازرگانی.

ئەمڕۆ یەکشەممە لیژنەی شارەوانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بانگهێشتی هەریەک لە قایمقام و سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەری تاپۆی سەیدسادقی کرد، لە دانیشتنەکە ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی سەیدسادق بەشداربوون لەگەڵ نوێنەری نەخشەدانان.

خەدیجە عەبدولجەبا، بڕیاردەی لیژنەی شارەوانی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە 964ی وت، “بەشێک لە ھاوڵاتییەکان وەسڵی ساڵانی 1970 و 1980 یان پێ بوو، کە وەک بەڵگەی خاوەنداریەتی خستیانە بەردەم لیژنەکەمان، دەرکەوتووە ھەندێک زەوی ھەن بەڵگەنامەی خاوەنداریەتی نەبووە و بە زیادەرۆیش دانەنراوە، کە ئەمە سەرەکیترین کێشەی سەیدسادق بووە، بە ھۆکاری ئەو رووبەرە فراوانەی ئێستا سەیدسادق ھەیەتی”.

ئەوەشی وت، “ساڵی 1999 دووبارە نەخشەسازی نوێ بۆ سەیدسادق کراوەتەوە، بۆیە لیژنەکە داوای لە نوێنەری نەخشەدانان کردووە، رای خۆیان لەسەر ئەگەری زیادەڕۆیی و مافی ئەو ھاوڵاتیانە دەربڕن، ئەوان نەیانتوانیوە بە تەواوی رەتی بکەنەوە کە زیادەڕۆیی نەکرابێتە سەر زەوی لە قەزاکە، ھەروەک وتوشیانە ھەوڵیان داوە زەوی کۆن نەکەوێتە بەر شەقام و خزمەتگوزاری”.

“بۆیە پاش لێکۆڵینەوە و گفتوگۆکردن لەسەر نەخشەی گەڕەک و کۆڵانەکانی سەیدسادق، بڕیاردراوە کار بە تەملیکی ئەو خانووانە بکرێت کە لەپێش رووخاندنی سەیدسادق هەبووە، ئەوانەی بەڵگەنامە یان دیکۆمێنتێک پێشکەش بکات، دەبێت راستکردنەوە بۆ خاوەنداریەتی زەوییەکە بکرێ”.

لەبارەی چارەنووسی بەڵگەنامەی ئەو ھاوڵاتیانەی لە خاپووربوونی سەیدسادقدا سوتاون ئەوەی وت, “داوامانکردووە ھەرسێ بەرپرسەکەی سەیدسادق پێداچوونەوە بە نەخشەی ھونەری قەزاکە بکەنەوە و ئەو زەوییانەی بێ تاپۆن یان زیادەڕۆیی کراوەتە سەری دیاری بکەن، تا لە کۆبوونەوەیەکی دیکە داوای بڕیاردان لە چارەنووسیان بکەین”، خەدیجە عەبدولجەبار وای وت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی