کلینیکی کریستیانەکان هەموو ئایینەکانی کەرکوک کۆدەکاتەوە

964+

کاروان ساڵحی – کەرکووک

ڤیدیۆ

ژمارەیەک لە کریستیانەکانی کەرکوک لەناو کڵێسایەکی شارەکە كلینیكێكی پزیشكییان کردووەتەوە و رۆژانی هەینی هەموو ئایین و مەزهەبەکانی شارەکە کۆدەکاتەوە.

پزیشکانی کلینیکەکە دەڵێن رۆژانی هەینی پشکنین بەخۆڕایی دەکەن، موسوڵمانان و هەموو مەزهەبەکانی دیکەش بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی دێنە کلینیکەکە.

دینا نائل حەداد، بەڕێوەبەری كلینیكی خێرخوازی بە 964+ی راگەیاند، “كلینیكی خێرخوازی خزمەتگوزارییەكی كڵێسایە، لەم كلینیكە بەشی پشكنین و شیکاری گشتی و دەرمانخانە هەیە، چەند رۆژێك بەر لە ئێستاش لەلایەن پزیشكێكەوە بەڵێنمان پێدراوە ئامێرێكی سۆنار بكات بە دیاری بۆ كلینیكەكە.”

هەر نەخۆشێک هەینی چووبێت بۆ پشکنین دەتوانێت لە رۆژانی دیکەش چارەسەر بە خۆڕایی وەربگرێت بەپێی ئەو پشکنینەی کە بۆی ئەنجامدراوە.

“سەرجەم خزمەتگوزارییەكانمان بەخۆڕاییە، ئەوەشی لێرە كار دەكات خۆبەخشن بە پزیشك و كارمەند و ئیدارە و سكرتێرەوە”، بەڕێوەبەری كلینیكی خێرخوازی بە 964+ی راگەیاند.

وتیشی، ” ئەوەی خۆشحاڵم دەكات لە كارەكەمان ئەوەیە دەبینین هاوڵاتیانی موسڵمان خۆشحاڵن و سەردانمان دەكەن، ئەمەش ئەوە نیشان دەدات كە كەركوك شاری ئاشتی و پێكەوەژیانە.”

کلینیکەکە ساڵی ٢٠٠٥ لەناو کڵێسای “قلب الاقدس” لە گەڕەکی حەدیدین لەلایەن مەتڕان د. لویس ساکو دروستکراوە و ئێستا لە لایەن د. یوسف تۆما سەرۆکی مەترانەکانی کەرکوک ‌و سلێمانی کریستیانەکان، سەرپەرشتی دەكرێت.

بە وتەی بەڕێوەبەری کلینیکەکە، لەلایەن رێکخراوە خێرخوازییەکان و د. یوسف تۆما بودجەیان بۆ دابین دەکرێت.

جگە لە دابینکردنی خزمەتگوزاری پزیشکی بۆ دانیشتووانی کەرکوک، کلینیکەکە هەموو مانگێک بڕێک دەرمان بۆ ئاوارەکان دابین دەکات.

رێكخراوی AGO یەکێکە لەو لایەنانەی کە هاوکاری نەخۆشخانەکەی کردووە، هەماهەنگکاری رێکخراوەکە سەمیرە خالید بە 964+ی راگەیاند، “بینیمان ئەم كلینیكە خزمەتگوزاری پێشكەش بە دانیشتووانی شارەكە دەکات بەبێ جیاوازی، بە باشمان زانی بۆ ئەم هەفتەیە هاوكاری داراییان بكەین بۆ كڕینی داو دەرمان، ئەمە یەكەم و دواهەمین هاوكاریمان نابێت”.