به‌شێكی دیكه‌ى دووسایدی حاجی ئۆمه‌ران – چۆمان ته‌واو ده‌كرێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

کارکردن لە پڕۆژه‌ى دووسایدی حاجی ئۆمەران تا چۆمان دەستیپێکردووەتەوە، بڕیاره‌ ئه‌مساڵ قۆناغێكى دیكه‌ى ئه‌و پڕۆژه‌ ته‌واو بكرێت، قایمقامی چۆمانیش ده‌ڵێت، دواى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ كار بۆ گه‌شه‌پێدانى رێگاى هامڵتۆن ده‌كرێت و فراوان ده‌كرێت.

پڕۆژه‌ى دووسایدى حاجی ئۆمه‌ران بۆ قه‌زاى چۆمان، له‌ ساڵى 2012 ده‌ستپێكردووه‌، به‌هۆى قه‌یرانى دارایی ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكە وه‌ستاوه‌، ساڵى پار ته‌نیا دوو كیلۆمه‌ترى دیكه‌ى ته‌واو كرا.

سواره‌ ئه‌كره‌م قایمقامی قه‌زاى چۆمان، به‌ 964ـى راگه‌یاند، ماوه‌یه‌كه‌ كاركردن له‌و پڕۆژه‌یه‌دا ده‌ستیپێكردووه‌ته‌وه‌ و بڕیاره‌ ئه‌مساڵ به‌شێكی دیكه‌ى ئه‌و رێگایه‌ ته‌واو بكرێت.

وتیشی “تا کۆتایی ئەمساڵ لە کۆی 11 کیلۆمه‌تر، لەو رێگا دووسایده‌، بڕیاره‌ پێنج كیلۆمه‌تر ته‌واو بكرێت”.

به‌ قسه‌ى قایمقامى چۆمان، تا مانگەکانی 10 و11 ـى ئه‌مساڵ و بەر لەدەستپێکردنی سەرماوسۆڵە، کارەکانى ئه‌و قۆناغه‌  تەواو ده‌کرێن، وتیشی “كاره‌كانى ئه‌و رێگا دووسایده‌، بریتییه‌ له‌ تێکەڵڕێژکردن و قیڕتاوکردن”.

سواره‌ ئه‌كره‌م، ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، له‌ قۆناغه‌كانى داهاتوودا گه‌شه‌پێدانى زیاتر به‌ رێگاى سه‌ره‌كى هامڵتۆن ده‌درێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌ پلاندایه‌ ئه‌و رێگایه‌ له‌ هه‌ندێك شوێنى سنوورى چۆمان تا سۆران فراوان بكرێت.

به‌شێكی دیكه‌ى دووسایدی حاجی ئۆمه‌ران – چۆمان ته‌واو ده‌كرێت