بە بێ قوباد تاڵەبانی شاندێکی حکومەتی هەرێم دەچێتە بەغدا
964+
هێمن بەکر – هەولێر
ئهمڕۆ شاندێکی حكومهتی ههرێمی كوردستان دەگاتە بەغدا، بە مەبەستی گفتوگۆکردن بۆ رێککەوتنی نێوانیان، بڕیارە یەکەم کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بێت.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندەکەدا نابێت، لە کاتێکدا، ماوەکانی رابردوو ئەو سەرۆکایەتی دەکرد کاتێک دەچوونە بەغدا.
ئەندامانی شاندەکەی ئەمڕۆ پێکهاتوون لە ئاوات شێخ جهناب، وەزیری دارایی، كهمال محهمهد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، دارا رهشید، وەزیری پلاندانان، ئومێد سهباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج رهحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، عهبدولحهكیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەت.
جوتیار عادل بە ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستانی وتووە، لە بەغدا گفتوگۆ دەکەن لەسەر دۆسیەی ماددەی ١٤٠ و دۆسیەی نەوت و گاز و بەشداری هەرێمی کوردستان لە دامەزراوە فیدراڵییەکان و بابەتی ماف و شایستە دەستوورییەکانی پێشمەرگە و بابەتەکانی دیکەی وەک پڕۆژە یاساکانی دادگای فیدراڵی، ئەنجومەنی فیدراڵی و نەوت و گاز.
ئەمە یەکەم شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستانە کە لە دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵی بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی سەردانى بەغدا دەکات.
لە ئێستادا، لیژنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزارەتی دارایی عێراق خەریکی ئامادەکاریین بۆ نوسینەوەی یاسای بودجەی ٢٠٢٣، بەو هۆکارەیە کە دەبێت بەر لە هاتنی ساڵی نوێ، هەرێم و بەغدا رێکبکەون، ئەگەرنا کێشەکانیان بەردەوام دەبێت.