“دهۆك و گڵاسكۆ كاری زانستی هاوبەش دەكەن”
964+
كوردستان ئەحمەد
شاندێكی زانكۆی گڵاسكۆ و زانكۆی دهۆك رێككەوتن پێكەوە كاری هاوبەشی زانستی و هونەری بكەن.
لەسەر ئاستی سەرۆكایەتی زانكۆی گڵاسكۆ، شاندێك سەردانی پارێزگای دهۆكیان كرد، لەگەڵ عەلی تەتەر پارێزگاری شارەكە و سەرۆكایەتی زانكۆی دهۆك كۆبوونەوە، باس لە ئاستی زانستی هەردوو زانكۆ كراوە، وا بڕیارە زانكۆكان پێكەوە كاری زانستی زیاتر بكەن.
بەپێی ئەو رێككەوتنانەی لە نێوان زانكۆكاندا هەیە، خولی زانستی و وەرگرتنی قوتابی لە زانكۆی گڵاسكۆ و وتنەوەی وانەی هاوبەش لە نێوان زانكۆكانی هەردوولادا دەكرێتە كارێكی فەڕمی.
شاندەكە دوو رۆژ لە پارێزگای دهۆك دەمێننەوە، سەردانی شوێنە گشتی و شوێنەواری و زانستیەكانی پارێزگاكە دەكەن و دۆكۆمێنت بۆ زانكۆكەیان دەبەنەوە.
عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك لە فەیسبوكی خۆی نوسیوەتی، ئامادەیان دەربڕیوە بۆ ئەوەی زانكۆكە لە كوردستان و پارێزگاكەیان پێكەوە كاری هاوبەش بكەن.
زانكۆی گڵاسكۆ، ساڵی 1451چوارەم زانكۆیە لەسەر ئاستی بەڕیتانیا و یەكێكە لە كۆنترین زانكۆكانی سكۆتلەندا و لە سەدەی هەژدەدا رۆڵێكی گرنگی لە بڵاوكردنەوەی بیری رۆشنگەری لە جیهاندا هەبووە، زیاتر لە 22 بەشی هەیە و داهاتی ساڵانەی زانكۆكەلە نێوان 199 بۆ 198 ملیۆن پاوەند بووە لە ماوەی رابردوودا.
زانكۆی دهۆك لە ساڵی 1992دا مەزراوە، سەرەتا دوو بەشی هەبوە، و خاوەنی تەنها 149قوتابی بووە، ئێستا یەكێكە لە زانكۆ گەورەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان و زیاتر لە 17بەشی هەیە و زانكۆیەكی حكومیە.