بازاڕێكی هاوچه‌رخ له‌ باسرمه‌ دروستده‌كرێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بڕیاره‌ له‌ داهاتوویه‌كى نزیكدا بازاڕێكی هاوچه‌رخ له‌ ناحیه‌ى باسرمه‌ى سه‌ر به‌ قه‌زاى شه‌قڵاوه‌ دروست بكرێتـ، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌ ئێستاوه‌ كارئاسانى بۆ دروستكردنه‌كه‌ى ده‌كرێت.

كاروان كه‌ریم خان قایمقامی قه‌زاى شه‌قڵاوه‌، به‌ 964ـى راگه‌یاند، ده‌ستكراوه‌ به‌ كارئاسانى و هه‌نگاونانى بنه‌ڕه‌تیش نراوه‌ بۆ دروستكردنى ئه‌م بازاڕه‌.

وتیشی ” له‌ هه‌نگاوى یه‌كه‌مدا به‌ هاوكارى هه‌ردوو رێكخراوى VNG وDRC ـى سویدى و هۆڵه‌ندى، رێگاى سه‌ره‌كى بۆ سه‌ر ئه‌و زه‌وییه‌ دروستكراوه‌، كه‌ ده‌كرێته‌ بازاڕه‌ هاوچه‌رخه‌كه‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، له‌ قۆناغى داهاتوودا بانگهێشتى وه‌به‌رهێنه‌ران ده‌كرێت بۆ دروستكردنى ئه‌م بازاڕه‌، وتیشی “نه‌خشه‌ى بازاڕه‌كه‌ش ئاماده‌یه‌ “.

به‌ قسه‌ى قایمقامی شه‌قڵاوه‌، ئه‌م بازاڕه‌ گرنگی و بایه‌خى ده‌بێت بۆ سنوورى ناحیه‌ى باسرمه‌ و كاریگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر بوژاندنه‌وه‌ و په‌ره‌پێدانى ئه‌و شارۆچكه‌یه‌”.