چوارقورنە: نەخۆشخانەکانی راپەڕین لە کەمیی ئۆکسجین رزگاریان دەبێت
+964
مەجید بیتوێنی – چوارقوڕنە
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی راپەڕین، سەرقاڵی دروستکردنی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ئۆکسجینن لەناو نەخۆشخانەی ژیان لە ناحیەی چوارقوڕنەی سەر بە قەزای رانیە.
کارگەکە لە توانایدایە پێداویستیی ئۆکسجین بۆ سەرجەم نەخۆشخانە حکومی و ئەهلییەکانی ئیدارەی راپەڕین پڕبکاتەوە و گرفتی کەمیی ئۆکسجین ناهێڵێت.
تەها محەمەد، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی راپەڕین، بە تۆڕی 964ی راگەیاند، “پڕۆژەی دروستکردنی کارگەی ئۆکسجین بە دوو قۆناغ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئێستا بە بڕی 83 ملیۆن دینار دەست بە کارەکانی بینای پڕۆژەکە دەکرێت .
وتیشی”دوای ئەمە بە تەندەرێکی جیا کڕینی ئامێری تایبەت بۆ بەرهەمهێنانی ئۆکسجین دەستپێدەکات و بە تەواوبوونیشی گرفتی کەمیی ئۆکسجین لە ناوەندە تەندروستییەکانی راپەڕین نامێنێت.
لە ئیدارەی راپەڕین شەش نەخۆشخانە، 18 مەڵبەندی تەندروستی، 11 سەنتەری تایبەت بە نەخۆشییە جیاوازەکان و 76 بنکەی تەندروستی بوونی هەیە، لەگەڵ دوو نەخۆشخانەی ئەهلی.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا