له‌ رۆژى جیهانى هه‌نگدا

هه‌نگه‌وانانى هه‌رێم به‌رهه‌میان باشه‌ و گله‌ییان زۆره‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ رۆژى جیهانیى هه‌نگدا، سه‌رۆكى رێكخراوى هه‌نگه‌وانانى کوردستان ده‌ڵێت، نزیكه‌ى دوو هه‌زار كه‌س له‌ هه‌رێم به‌ كرده‌وه‌ كارى هه‌نگه‌وانى ده‌كه‌ن و وه‌زیری كشتوكاڵیش جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، هەموو رێکارێک دەگرنەبەر لەپێناو بە پیشەسازیکردنی هەنگەوانی.

رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی 2017 دا رۆژی 20ـی 5ـی وەک رۆژی جیهانیی هەنگەوانی راگەیاند، تا سەرنجی زیاتر بەلای هەنگ و هەنگەوانەکاندا رابکێشن.

ئه‌حمه‌د پشده‌رى، سه‌رۆكى رێكخراوى هه‌نگه‌وانانى كوردستان، به‌ 964ـى وت، به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى له‌ هه‌رێمی كوردستاندا 20 هه‌زار هه‌نگه‌وان هه‌ن، به‌ڵام ده‌ڵێت “ئه‌و ژماره‌یه‌ هه‌موویان كاری هه‌نگه‌وانیان نه‌كردووه‌ته‌ پیشه‌، به‌ڵكو نزیكه‌ى دوو هه‌زار كه‌س به‌ كرده‌وه‌ ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن و به‌رهه‌میشیان هه‌یه‌، كه‌ ساڵانه‌ زیاتر له‌ 500 تۆن به‌رهه‌مى هه‌نگمان هه‌یه‌”.

ئەو ره‌خنه‌ له‌ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵى هه‌رێم ده‌گرێت، كه‌ وه‌ك پێویست هاوكاریی هه‌نگه‌وانان ناكات و ده‌ڵێت “داوامان كردووه‌ هه‌نگوینى ده‌ره‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ بكرێت، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ تا ئێستاش ئه‌وه‌یان نه‌كردووه‌”.

به‌ قسه‌ى سه‌رۆكى رێكخراوى هه‌نگه‌وانان، مه‌لا هه‌یه‌ له‌ سۆشیال میدیا قورئانێكى داناوه‌ و سوێند ده‌خوات كه‌ ئه‌و هه‌نگوینه‌ى ده‌یفرۆشێت ئه‌سڵیه‌ ، كه‌چی هی ده‌ره‌وه‌شه‌.

سه‌رۆكى رێكخراوى هه‌نگه‌وانان: مه‌لا هه‌یه‌ له‌ سۆشیال میدیا قورئانێكى داناوه‌ و سوێند ده‌خوات كه‌ ئه‌و هه‌نگوینه‌ى ده‌یفرۆشێت ئه‌سڵیه‌ ، كه‌چی هی ده‌ره‌وه‌شه‌

دووپاتی ده‌كاته‌وه‌  له‌ هه‌وڵى به‌رده‌وامدان هه‌نگوينى كوردستان بكه‌نه‌ بڕاندێكى جیهانى “چونكه‌ باشترین هه‌نگوینه‌ له‌سه‌ر ئاستى جیهان و له‌ پله‌ى یه‌كه‌مدایه‌”.

به‌ پێی ئامارێكی وەزاره‌تى كشتوكاڵى هه‌رێمیش ساڵى رابردوو له‌ هه‌رێمی كوردستاندا زیاتر لە 850 تۆن به‌رهه‌مى هه‌نگوین هه‌بووه‌، كه‌ ده‌ڵێت “بەپێی پشكنینی تاقیگەیی لە چەندین پێشەنگای نێودەوڵەتی باشترین هەنگوینە لە كوردستان بەرهەم دەهێنرێت”.

بێگه‌رد تاڵه‌بانى، وه‌زیرى كشتوكاڵیش به‌ بۆنه‌ى رۆژى جیهانىی هه‌نگ، ئه‌وه‌ دووپاتده‌كاته‌وه‌، ئێستا خاوەنی باشترین جۆری هەنگوینی سروشتین.

ده‌شڵێت “هەموو رێکارێکی کارگێری و یاسایی دەگرینەبەر لە پێناو پارێزگاریکردن لە بەرهەمی خۆماڵی و بە پیشەسازیکردنی هەنگ، جەخت دەکەینەوە لە سەر سیاسەتی بەردەوامیدان بە بڕیاری قەدەغەی هاوردەکردنی هەنگ بە هەموو جۆرێک بۆ ناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان”.

وه‌زیرى كشتوكاڵ به‌ڵێنیش ده‌دات، لە ئاییندەیەکی نزیکدا دەبنە خاوەن تاقیگەیەکی پێشکەوتووی پشکنین و دیاریکردنی نەخۆشییەکان و جۆر و کوالێتیەکانی هەنگ، بەپێی مواسەفات و ستانداردی پێشکەوتووی بەرهەمهێنانی جیهانی هەنگ.