قەڵای ئاکرێ دەردەکەوێت، ستوون و تۆڕی کارەبای دەوروبەری خراوەتە ژێر زەوی وێنە:دابەشکردنی کارەبای ئاکرێ
کارەبای بازاڕی ئاکرێ %70ی خراوەتە ژێر زەوی
964+
فەهمی نەبی
بەڕێوەبەرایەتی کارەبای ئاکرێ دەڵێت، لە ساڵی 2010وە بەشێکی زۆری کارەبای قەزاکەی خراوەتە ژێر زەوی، نزیکترین کاریان پڕۆژەی لەژێر زەوینانی کارەبای دەوروبەری قەڵای ئاکرێ بووە.
عەونی مەلا بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای ئاکرێ بۆ 964ی باسکرد، “ئاکرێ یەکەم قەزا بووە پرۆسەی خستنە ژێر زەوی کارەبای دەستپێکردووە”.
بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای ئاکرێ ئەوەش دەڵێت، ماوەی 13 ساڵە ئەو پڕۆژەیان دەستپێکردووە، ئێستا زیاتر لە %70ی کارەبای ئاکرێ خراوەتە ژێر زەوی، پێنج محاویلەی کارەبایی لە بازاڕی ئاکرێ لە ژێر زەوییە و بڕیاروایە لە بازاڕ هیچ ستوونێکی کارەبایی نەمێنێت.
نوێترین پڕۆژەی بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای ئاکرێ، لابردنی ستوون و تۆڕی کارەبای دەوروبەری قەڵای ئاکرێیە، پڕۆژەکە 32 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکرابوو.
عەونی مەلا ئاماژەی بەوەشکرد، “هەبوونی ئەو هەموو ستوونە لە دەوروبەری قەڵای ئاکرێ سیمایەکی ناشرینی هەبوو، جگە لەوە ئاستەنگی بۆ هاتوچۆی ئۆتۆمبێلیش دروستکردبوو، بەڵام ئێستا سیمایەکی زۆر جوانی وەرگرتووە”.
دروستکردنی قەڵای ئاکرێ بۆ سەردەمی عوسمانییەکان دەگەڕێتەوە و هێشتا یەکێکە لە سیما دیارەکانی قەزاکە.