کتێبخانەی گشتی هەولێر - وێنە: social media
کتێبخانەکە بەدیجیتاڵی دەکرێت
کوردستان دەبێتە خاوەنی کتێبخانەی نیشتیمانی
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
دەست بە دامەزراندنی کتێبخانەی نیشتیمانی کوردستان کراوە. پڕۆژەکە هی سەرۆکایەتی هەرێمە و رێکخراوێک جێبەجێی دەکات و وەزارەتی رۆشنبیریش هاوکار دەبێت.
لە شاری هەولێر زەوی بۆ پڕۆژەکە دابینکراوە و ستافەکەشی ئامادەیە.
کتێبخانەی نیشتیمانی سەرجەم ئەو کتێب و نووسراو و دەستنووس و بەڵگەنامانەی تێدا هەڵدەگیرێن، کە پەیوەندیان بە کورد و کولتوور و مێژووەکەیەوە هەیە و سەرجەمیشیان بەدیجیتاڵی دەکرێن.
نامیق هەورامی، وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی هەرێم بە 964ی وت، “رێکخراوی KCAC بۆ كولتوور و خوێندنەوە دایدەمەزرێنێت و وەزارەتی رۆشنبیریش هەموو هاوکارییەکی دەکات”.
لە هەرێمی کوردستان 92 کتێبخانەی گشتی بوونیان هەیە، وتەبێژەکەی وەزارەتی رۆشنبیری دەڵێت، هەموویان دەخەنە خزمەتی پڕۆژەکەوە.
964 لە وەزارەتی رۆشنبیرییەوە دەزانێت، پڕۆژەکە کار لەسەر بەدیجیتاڵکردنی هەموو ئەو کتێبخانە کەسیانەش دەکات، کە هی کەسە بەناوبانگەکانن و لە رووی سەرچاوەوە دەوڵەمەندن.