هاتوچۆ لە دەروازەی پەورێزخان ئاسایی بووەوە

هەورە بروسکە رایگرتبوو

+964

هونەر فارس – گەرمیان

هاتووچۆی گەشتیاران لەدەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان ئاسایی بووەوە، دوای ئەوەی هەورە بروسکە بۆ ماوەی حەوت کاتژمێر رایگرت.

بە بیانووی تێکچوونی سیستمی هاتوچۆ بەهۆی لێدانی هەورە بروسکەوە، وڵاتی ئێران هاتووچۆی گەشتیاری لە دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان ڕاگرت.

شەرمین عەلی بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی دەروازەی پەروێزخان، بۆ+964 وتی: دەوڵەتی ئێران بە پاساوی لێدانی هەورە بروسکە لە سیستمی هاتووچۆی دەروازەکە، لە کاتژمێر ١١ـی بەیانی دوێنێ هەینی ٢٥ـی تشرینی دووەم، هاتوچۆی گەشتیاران تا کاتژمێر پێنجی ئێوارە وەستا.

بە قسەی شەرمین عەلی، وەستانەکە بۆ ماوەی یەک رۆژ بووە، بەڵام ئێوارەی هەمان رۆژ بەرپرسانی ئێران دەروازەی پەروێزخانیان ئاگادار کردەوە کە چاک بوونەوەی سیستەمەکەو ئاسایی بوونەوەی هاتوچۆی گەشتیاران.

+964 دەزانێت لە رۆژانی هەینی هاتوچۆی بارهەڵگرەکان کە کاڵا لە ئێرانەوە هاوردە دەکەن، دەوەستێت، تەنیا گەشتیاران هاتوچۆ دەکەن.

لەبارەی ئەوەی لەو حەوت کاتژمێرەدا ئۆتۆمبێلی چەند گەشتیار لە دەروازەکەدا پەکی کەوتبوو، شەرمین عەلی بە +964ـی راگەیاند کە هیچ ئامارو زانیارییەکی نیە لەسەر ئەوەی چەند هاوڵاتی لەو ماوەیەدا پەکیان کەوتووە.

دەروازەی پەروێزخان، دەروازەیەکی نێودەوڵەتییە لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا، جگە لە جەژن و بۆنەکان رۆژانە ١٠٠ بۆ ٢٠٠ هاوڵاتی و گەشتیاری عێراقی و هەرێمی کوردستان لە دەروازەکەوە دەچنە ئێران و بەهەمان شێوە ١٠٠ بۆ ٢٠٠ هاوڵاتیش لە ئێرانەوە داخڵی هەرێمی کوردستان دەبن.