حاجیان بە پێنج پێکوتەی جیاواز دەکوترێن

964+

فەرمان سادق

هەڵمەتی کوتان بۆ ئەو کەسانەی گەشتی حەجی ئەمساڵ دەکەن دەستیپێ کردووە، هەر کەسێکیش پێنج کوتانی جیاواز دەکرێن.

بە مەبەستی پاراستنی حاجیان لە بەجێگەیاندنی فەریزەکانی حەج لە عەرەبستانی سعوودیە، ساڵانە حاجیانی هەموو وڵاتێک کوتانیان بۆ ئەنجامدەدرێت.

لە کوردستان بەپێی ئەو رێنماییانەی وەزارەتی تەندروستی عەرەبستانی سعوودیە، بۆ عێراقی ناردووە دەبێت هەر کەسێک بۆ فەریزەی حەج بچێتە ئەو وڵاتە ئەوا دەبێت پێکوتەی دژە کۆرۆنا، هەوکردنی پەردەی مێشک، ئەنفلۆنزای وەرزی، دووانی و ئیفلیجی منداڵان.

لە کوردستان ئەمساڵ چوار هەزار و 685 کەس ناویان دەرچووە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج.

دکتۆر سەرهەنگ جامباز، بەڕێوەبەری گشتی پلان لە وەزارەتی تەندروستی بە 964ـی وت، پڕۆسەی کوتان، پڕۆسەیەکی ساڵانەیە و لەسەر رێنمایی وەزارەتی تەندروستی عەرەبستانی سعوودیە ئەنجامدەدرێت.

دەشڵێت: بۆ هەر وڵاتێک بەپێی ئەو پەتایەی تێیدا بڵاوبووەتەوە، ئامانجیش لەو کارە پاراستنی حاجیانە.

لە کوردستان هەڵمەتی کوتانەکە دەستیپێ کردووە، لە شارێک چەند بنکەیەکی تەندروستی بە هەماهەنگی نێوان بەڕیوەبەرایەتی گشتی تەندروستی شارەکان و بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی ئەو شارە، حاجیەکان ئاگادار دەکرێنەوە لە کام بنکە کوتانی بۆ دەکرێت، هەروەها کات و رۆژیشی بە هەماهەنگی لەگەڵ حەملەدارەکەی بۆ دەستنیشان دەکرێت.

دکتۆر سەرهەنگ جامباز، کە خۆی ئەمساڵ سەرۆکی شاندی پزیشکی حاجیانی کوردستان، ئاماژەی بەوەشدا کە باشترە ئەوانەی گەشتی حەج دەکەن 10 رۆژ زووتر خۆیان بکوتن بۆ ئەوەی پێکوتەکە کاریگەری دروست بکات.