زەردەشتییەکان واز لە چالاکییە ئایینیەکانیان دەهێنن

964+

ديلان محەمەد – سليمانی

ئاوات حیسامەدین، نوێنەری زەردەشتییەکان لە وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان دەڵێت، واز لە چالاکییە ئایینیەکانیان دەهێنن، بەهۆی نەبوونی بودجە، بەڵام لەسەر ئایینی خۆیان دەمێننەوە.

964+ دەزانێت، لە ساڵی ٢٠١٥ لە وەزارەتی ئەوقاف نوێنەرایەتی بۆ زەردەشتییەکان کراوەتەوە، بەڵام سەرجەمیان تەنها خۆبەخشن و هیچ موچەیەکیان نییە.

ئاوات حیسامەدین بە 964+ی وت، “داواکاری ئێمە زۆر نییە، تەنھا داوامان کردووە بودجەیەک دابین بکەن بۆ چالاکی و کرێی جێگەکانمان کە خۆی لە چەندین چالاکی جۆراوجۆر دەبینێتەوە، لەوانە جەژنی نەورۆز”.

بەلای زەردەشتییەکانەوە، جەژنی نەورۆز گرنگی تایبەتی هەیە و پێیانوایە لەو رۆژەدا پێغەمبەر زەردەشت لەدایکبووە، هەروەها مەراسیمی شەوی یەڵدا و چەندین مەراسیمی تایبەت بە خۆیان هەیە.

لەبارەی پەیڕەوکەرانی ئایینەکەوە، نوێنەری زەردەشتییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف باسی لەوە کرد، رۆژانە ھاوڵاتیان دێن و سەردانیان دەکەن و “دەچنە سەر ئاینی زەردەشتی”.

بە قسەی ئەو، لە ئێستادا، ٢٠٠ هەزار زەردەشتی هەن لە هەرێمی کوردستان.

لەبارەی کێشەکانیانەوە، مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری لە وەزارەتی ئەوقاف بۆ 964+ی باسکرد، تەنها ئیسلام، مەسیحی و ئێزیدی لەناو وەزارەتی ئەوقافدا بەڕێوەبەرایەتیان هەیە، ئەو پێنج ئایینەی دیکە تەنها نوێنەرایەتی خۆبەخشیان هەیە و لە یاساکەشدا بودجەیان بۆ دیارینەکراوە.

ئەو دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ پەرستگایەک بۆ زەردەشتییەکان دروستنەکراوە، “لەبەرئەوەی لەناو حکومەتدا هەندێک جار ئاستەنگیان بۆ دروستدەکرێت و کارەکانیان بۆراناپەڕێندرێت”.