دوو تۆمەتبار کە لەلایەن ئاسایشی سلێمانیەوە دەستگیرکراون و 120 کیلۆ مادەی هۆشبەریان پێبووە. فۆتۆ: دەزگای ئاسایشی هەرێم.
دەزگای ئاسایشی ھەرێم: دوو کەس بە 120 کیلۆ ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیر کران
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
دەزگای ئاسایشی ھەرێم دەستبەسەرداگرتنی 120 کلیۆ و 600 گرام ماددەی ھۆشبەری لە سلێمانی راگەیاند و دەڵێت، دوو کەس دەستگیرکراون.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی لە فەیسبووک بڵاکردەوە و دەڵێن، لە سێ ھەڵمەتی جیادا و لە چەند رۆژی رابردوودا، لەناو سلێمانی و دەوروبەری، توانیان دوو تۆمەتباری بازرگانی ماددەی ھۆشبەر دەستگیر بکەن.
تۆمەتبارەکان دانیشتووی ھەرێمی کوردستانن و مەبەستیان بووە سەرجەم ماددە ھۆشبەرەکان لە ناوەوە و دەرەوەی ھەرێم ساغ بکەنەوە، دەزگای ئاسایشی ھەرێم وا دەڵێت.
ماددە هۆشبەرەکان ئەم جۆرانە بوون: 10 کیلۆگرام کۆکاین، 75 کیلۆگرام کریستاڵ، 30 کیلۆگرام ئەمفیتامین و پێنج کیلۆ و 600 گرام تلیاک.
تۆمەتبارەکان بە ماددەی 26 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.