له سلێمانی جه‌ڵته‌ی مێشك به ده‌رمان چاره‌سه‌ر ده‌كرێت
+964
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
ئەمڕۆ شه‌ممه، بەشی چارەسەركردنی نەخۆشییەكانی مێشك و ده‌مار بە دەرمان، لە نەخۆشخانه‌ی شار لە سلێمانی كرایەوە و نەشتەرگەرییەکی دەگمەنی ئێسكیش له‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌دا ئەنجام دەدرێت.
دکتۆر سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا رایگەیاند، “كردنەوەی بەشی چارەسەری نه‌خۆشییه‌كانی مێشک و دەمار بە دەرمان، بەشێکی زۆر گرنگه و تێچووه‌كه‌شی زیاتر لە یەك ملیۆن دۆلاره”.
وتیشی، “موچەی كارمەندانی بەشەكە لە لایەن مەكتەبی دارایی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە دابین دەكرێت”.
“چارەسەری نه‌خۆشییه‌كانی مێشک و دەمار بە دەرمان، بەشێکی زۆر گرنگه و تێچووه‌كه‌شی زیاتر لە یەك ملیۆن دۆلاره“
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، ئەوەشی خستەڕوو بڕیارە ئەمڕۆ تیمێكی پزیشكانی به‌شی شكان بە سەرپەرشتی دکتۆر سەیوان بە پاڵپشتیی تیمێكی فەڕەنسی، نەشتەرگەرییەكی زۆر گەورە ئەنجام بدەن، كە لە ئاستی عێراق لە سلێمانی ئەنجامدەدرێت و بریتییە لە لابردنی بەشێكی گەورەی ئێسك له یه‌كێك له نه‌خۆشه‌كان.
نه‌خۆشخانه‌ی شار، نه‌خۆشخانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ٤٠٠ قه‌ره‌وێڵه‌یی حكومیه و له ساڵی ٢٠٠٣ به‌ردی بناغه‌ی دانرا و له ١-١-٢٠١٤ كراوه‌ته‌وه و ١٤٠٠ كارمه‌ندی هه‌یه، ده‌كه‌وێته سه‌ر شه‌قامی بازنه‌یی مه‌لیك مه‌حموود له سلێمانی و به نیه‌خۆشخانه‌ی فێركاری گشتیی ناوده‌برێت.