دوو خاوەن پێشانگا: بە مەرج سەیارە بە دیناری عێراق دەفرۆشین
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
لە پێناو مامەڵە بەو نەختینە زۆرەی دینار لە بازادا ھەیە، عێراق بڕیاری داوە پێشانگاکانی ئۆتۆمبیل مامەڵەی فرۆشتن لە دۆلارەوە بۆ دینار بگۆڕن، دوو خاوەن پێشانگا لە سلێمانی بە مەرجی دیاریکردنی بەھاکەی، گرفتیان لەگەڵ فرۆشتنی سەیارە بە دینار نییە.
لە عێراق و ھەرێمی کوردستان نزیکەی 90 ترلیۆن دینار پارەی عێراقی لە بازاڕدا ھەیە، بەراورد بە چوار ساڵ پێش ئێستا رێژەکە تەنیا 60 ترلیۆن دینار بوو، ئەمە حکومەتی عێراقی ناچار کردووە بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی دینار زۆرێک لە مامەڵەکان بکات بە دینار، لە نێویشاندا کڕین و فرۆشتنی سەیارە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 17.5.2023، بەیار سدیق کە یەکێکە لە خاوەن پێشانگاکان لە سلێمانی بە تۆڕی 964ی وت، “لەبەر ئەوەی خاوەن پێشانگاکان مایەیان بە دۆلاری ئەمریکییە، زیانمەند نابن، بەڵکو کڕیارەکان لە حاڵەتی بەرزی و نزمیی دیناردا دەشێت لە ھەر 100 دۆلارێک چەند ھەزار دینارێک زیان بکەن”.
ئەوە خاوەن پێشانگایە دەڵێت، “کارەکە رۆتین زۆر زیاد دەکات، پێشتر بە رێژەیەکی کەم هەقی کڕینی سەیارەکە بە دیناریش دراوە، بەڵام ئەوە لە حاڵەتێکدا بووە کڕیار دۆلاری ئەمریکی پێ نەبووە”، ئەوەشی وت، “ئەو زیانەی دەشێت رووبدات لە بەرزی و نزمیی دۆلاردا لە مامەڵەی کڕینی ئۆتۆمبیلی بچووک “تایبەت” زیاترە”.
تا ئێستا لە بازاڕەکانی پێشانگای ئۆتۆمبێلدا لە سلێمانی مامەڵە بە دۆلار دەکرێ، بە ھۆی ئەوەی بازاڕ ئازادە و ھیچ ئەنجومەنێکیشیان نییە بۆچوونەکانیان بگەیەنێت، روونیش نییە جێبەجێبوونی ئەم بریارە کاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنییەکانی لەوە زیاتر چییە.
ھەرسین کانی، کە یەکێکی دیکەیە لە خاوەن پێشانگاکان رایەکی پێچەوانەی ھەیە و بە 964ی وت، “ئەم بڕیارە جێبەجێ بکرێت لە بەرژەوەندی موچەخۆر و فەرمانبەرانە، کە موچەیان بە دیناری عێراقییە، دەکرێ رێژەیەک دیاریی بکرێت بۆ ھەر 100 دۆلاری ئەمریکی بەرانبەر دیناریی عێراقی، ئەوکات لایەنی پێشانگا و لایەنی کڕیار تووشی ھیچ زیانێک نابن و ئێمە گرفتمان نییە لە وەرگرتنی دینار لە کڕیارەکانمان”.
پێداچووەنەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا