"200 ملیۆن دۆلار بۆ دروستکردنی هیوای گەورە تەرخان دەکرێ"

بەناوی نەخۆشخانەی هیواوە پارە کۆدەکرێتەوە و ئیستغلال دەکرێ

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

جاروبار لێرە و لەوێ بەناوی نەخۆشخانەی هیواوە پارە کۆدەکرێتەوە و بەڕێوەبەرانی نەخۆشخانەکە ئاگایان لێ نییە، د. یاد دەڵێت، “ئیستغلال دەکرێین و ئەو کارە لە سروشتی ئیداری و یاسایی ئێمەدا نییە”.

د. یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا بۆ چارەسەری تووشبووانی شێرپەنجە بە 964ـی وت، “هەرکات بمانەوێ هەڵمەتێک بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری لەگەڵ هەر کەس و لایەن و رێکخراوێک دەستپێبکەین، بە رەسمی و بە ئاشکرا رایدەگەیەنین و حساب بانکیی دادەنێین، لە سەر ئاستی تاکیش کە دەچێ هاوکاری بۆ هیوا کۆدەکاتەوە، ناتوانین بڵێن ئەو پارەیە بۆ هیوایە، چونکە ئەوە لە سروشتی ئیدارە و یاسای دارایی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و وەزارەتی تەندروستیدا نییە”.

“هەرکەس هات بەناوی هیواوە قسەی کرد، ئێمە ئەم پڕۆسەیەمان نییە، هیچ کارمەندێکی هیوا، سندوق و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی نییە کە دێت داوای هاوکاری دەکات”، د. یاد وادەڵێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵانی رابردووش بەبێ ئاگاداری ئەوان پارە بۆ نەخۆشخانەی هیوا کۆکراوەتەوە، دوایی کە پارەکە چووەتە بەردەستی ئەوان، هێندە کەم بووە، وەریاننەگرتووە.

دەربارەی دروستکردنی نەخۆشخانەی “هیوای گەورە” کە قەول وایە لەناو پارکی هەواری شار دروست بکرێت، د. یاد نەقشبەندی دەڵێت، چەند ساڵێکە لە هەوڵی ئەوە دان ئەو نەخۆشخانەیە دروست بکەن، بەڵام شەڕی ئێران و ئەمریکا پڕۆژەکەی دواخست و ئەگەر شەڕ دروست نەبێتەوە، پێش سەری ساڵ خاکەنازی لێدەدەن و دەست بە دروستکردنی نەخۆشخانەکە دەکرێت.

ئاشکراشیکرد، نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار وەک بودجە بۆ نەخۆشخانەکە تەرخان دەکرێت و بە هاوکاری وڵاتی فەڕەنسا و یەکێتی ئەوروپا و سەرمایەدارانی سلێمانی دروست دەکرێت.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری