مەسیحییەکانی دیانا داوای گۆڕینی ناوی قەزای سۆران دەکەن
964+
ئاسۆ وەرتی – سۆران
پێشنیازی گۆڕینی ناوی ناحیەی دیانا سەر دەکێشێت بۆ پێشنیازی گۆڕینی ناوی قەزای سۆران. قایمقامی قەزای سۆرانیش پشتڕاستی دەکاتەوە و دەڵێت: هێشتا بە نووسراوی فەرمی داوا نەکراوە.
وردەکای پێشنیازی گۆڕینی ناوی قەزای سۆران:
لەگەڵ هاتنە پێشەوەی پرسی بە ناحیە بوونی گوندی مەجیداوە، پرسی گۆڕینی ناوی ناحیەی دیانای بەدوای خۆیدا هێناوە کە سەنتەری ناحیەکە بگوازرێتەوە بۆ گوندی مەجیداوە و بکرێت بە ناحیەی گۆڕزە.
ئەو دەنگۆیە، ناڕەزایەتی مەسحییەکانی ناحیەی دیانای لێدەکەوێتەوە و قەشە یەترۆن یۆنان، قەشەی کڵێسای دیانا و هاودیان، لەگەڵ موختار و ریش سپی و بەڕێوەبەری ناحیەی دیانا، سەردانی قایمقامی قەزای سۆران دەکەن.
ئەوان داوادەکەن ناوەکە نەگۆڕن، بەو پێیەی دیانا لە ساڵی 1961 کراوە بە ناحیە و یەکەم ناحیەی سنووری دەڤەری سۆران بووە و سەر بە قەزای رواندز بووە.
قەشە یەترۆن یۆنان، قەشەی کڵێسای دیانا و هاودیان و بێدیان بە 964ـی وت “داوامانکردووە ناوی دیانا بێمنێتەوە و لەناو نەچێت، چونکە ناوێکی مێژووییە و کۆنترین ناحیەی سنوورەکەیە.
ناحیهی دیانا سهر به ئیدارهی سهربهخۆی سۆرانه و له 22 گوند پێکهاتووه و رێژهی دانیشتووانی 57 هەزار کەس دەبن.
لە سەردەمی حوكمڕانی عەبدولكەریم قاسم، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، ساڵی 1961 بە نووسراوی ژمارە 15 كراوە بە ناحیە و سەر بە قەزای رواندز بووە.
مەسیحییەکان له دیانا و هاودیان و بێدیان، مێژوویهكى كۆنیان ههیه و ئێستاش ژمارەی دانیشتووانیان زیاتر لە ههزار كهس دەبێت.
لەسەر ئەو پرسە، رەجب زوبێر قایمقامی قەزای ناوەندی سۆران بە 964ـی وت “بە نووسراوی فەرمی کەس داوای نەکردووە، بەڵام دانیشووانی ناحیەی دیانا پێشنیازیان کردووە ناوی قەزای سۆران بگۆڕدرێت بۆ دیانا، ئێمەش پێشنیازەکەمان وەرگرتووە تاوتۆیی دەکەین و هەڵسەنگاندی بۆ دەکەین”.
قەشە یەترۆن یۆنان دەشڵێت: بەو پێیەی قەزای سۆران لەسەر ناحیەی دیانا فراوان بووە، ئەو داوایەمان کردووە و ناشمانەوێت قایمقامی قەزایەکە بدرێتە مەسیحیەکان، لەمەدا کێشەمان نییە و تەنیا دەمانەوێت ناوەکەی بکرێتە دیانا.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق