فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی کەرکوک مانیان گرت

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی وەزارەتی داد لەنێو بیناکەیاندا دەستیان بە مانگرتن کردووە لەدژی پێنەدانی شایستە دارایەکانیان.

ئەو فەرمانبەرانە کە ژمارەیان 40 فەرمانبەرە ماوەی 18 مانگە شایستە داراییەکانیان وەرنەگرتووە.

کاری بەرێوەبەرایەتی جێبەجێکردن ئەوەیە کە ئەو ئافرەتانەی لە هاوسەرەکانیان جیادەبنەوە بۆ وەرگرتنی خەرجی بەخێوکردن، یان کەسێک قەرزی لەلای یەکێک بێت، سەردانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە دەکات و وەرگرتنەوەی پارەکەی بە قیست بۆیان وەردەگرنەوە.

ئەوان ئەمڕۆ سێشەممە 16.5.2023، مانیان لە کارکردن گرتووە.

نیان عەلی، فەرمانبەرێکی بەرێوەبەرایەتیەکە بە 964ـی وت، ژمارەمان 40 فەرمانبەرە، هەشت فەرمانبەرمان گرێبەستە کە موچەکانیان تەنیا 180 هەزار دینارە، بەشێکی لەنێوان 500 بۆ 700 هەزار دینارە، چاوەڕوانی شایستە دارایەکانیان کە 18 مانگە خەرج نەکراوە.

دەشڵێت: ئەمڕۆ وەکو فشارێک بۆ سەر وەزارەت مانمان گرتووە، فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی جێبەجێکردنی سەر بە وەزارەتی داد تەنیا لە کەرکوک مانیان نەگرتووە، بەڵکو لە سەرجەرم قەزا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق مانیان گرتووە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق