بالەی عێراق داوا لە یانەی پێشمەرگە دەکات میوانداری پاڵەوانێتی عەرەب بکات

964+
یادگار محەمەد – سلێمانی

بە داوایەکی فەرمی کە واژۆی سەرۆکی فیدراسیۆنی بالەی عێراقی لەسەرە، داوا لە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی دەکرێت کە میوانداری پاڵەوانێتی بالەی عەرەب بکات.

دوای ئەو هاوکارییە بەردەوامەی کە یانەی وەرزشی پێشمەرگە لە رابردوودا پێشکەشی وەرزشی عێراق بەگشتی و بالەی بە تایبەتی کردووە، فیدراسیۆنی عێراق بە داوایەکی فەرمی کە واژۆوی جەمیل عەبادی سەرۆکی فیدراسیۆنەکەی لەسەرە، ئاراستەی یانەی پێشمەرگە کراوە، تاوەکو رەزامەندی بدەن لەسەر بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەب لە شاری سلێمانی.

عەلی تەها، کاپتنی تیپی بالەی یانەی پێشمەرگە لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆری 964 وتی، لە دوای ئەو هاوکارییە بەردەوامەی کە یانەی پێشمەرگە پێشکەشی بالەی عێراقی کردووە، فیدراسیۆنی بالەی عێراق داوایان پێشکەشی یانەکەیان کردووە کە میواندارێتی پاڵەوانێتی وڵاتی عەرەب بکەن.

هەروەها وتیشی، هەرچەندە وەک هەنگاوێکی سەرەتا یانەی پێشمەرگە قایل بوونی خۆیان پیشانداوە بە داواکەی فیدراسیۆنی بالەی عێراق، بەڵام لە کۆبونەوەی داهاتووی دەستەی کارگێری یانەکە، پێشمەرگەی سلێمانی بە فەرمی وەڵامی ئەو داواکارییەی بالەی عێراق دەداتەوە.

بەپێی پرۆگرامی ساڵانەی خۆی، بڕیارە لە سەرەتای مانگی ئەیلولی ئەمساڵ، پاڵەوانێتی بالەی وڵاتانی عەرەب لە عێراق بەرێوەبچێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی