ئەرجەنتین؛ یان بردنەوە یان ماڵەوە

+964

ئەرسەلان عەبدوڵا – هەولێر

له‌ یارییه‌كانی مۆندیالی ٢٠٢٢ی قه‌ته‌ڕ، ئه‌مڕۆ هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتین له‌ به‌رده‌م ئه‌ركێكی قورسدایه‌ و جگه‌ له‌ بردنه‌وه‌ به‌سه‌ر مه‌كسیك، هیچ رێگه‌یه‌كی دیكه‌ی نییه‌، به‌ دۆڕانیش ماڵئاوایی له‌ ركابه‌رییه‌كان ده‌كات.

له‌ گه‌ڕی دووه‌می قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كانی مۆندیالی تۆپی پێی قه‌ته‌ڕ، ئه‌مشه‌و كاتژمێر ١٠:٠٠ به‌ كاتی كوردستان، هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتین له‌ كۆمه‌ڵه‌ی سێیه‌مدا له‌ یاریگه‌ی لۆسێل رووبه‌ڕووی هه‌ڵبژارده‌ی مه‌كسیك ده‌بێته‌وه‌.

ئه‌رجه‌نتین، كه‌ پێش مۆندیال یه‌كێك بوو له‌ به‌ربژێره‌كانی بردنه‌وه‌ی جامه‌كه‌، ئێستا له‌ بارودۆخێكی مه‌ترسیدار و له‌ به‌رده‌م ئه‌گه‌ری ده‌ركردندایه‌، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی له‌ یاری یه‌كه‌مدا به‌ شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو، به‌ ئه‌نجامی ١-٢ گۆڵ به‌ هه‌ڵبژارده‌ی سعودیه‌ دۆڕا.

دۆڕانی ئه‌رجه‌نتین شۆكێكی گه‌وره‌ له‌ مۆندیال و ئه‌نجامێكی مێژووییش بوو بۆ سعودیه‌، كه‌ یه‌كه‌مجار بوو بردنه‌وه‌ به‌سه‌ر ئەو هەڵبژاردەیە تۆمار بكات.

ئه‌رجه‌نتین ئه‌مڕۆ پێویستی به‌ بردنه‌وه‌ هه‌یه‌ و هیچ رێگه‌یه‌كی دیكه‌ی نییه‌، چونكه‌ به‌ دۆڕانی به‌ مه‌كسیك، راسته‌وخۆ له‌ مۆندیال ده‌كرێته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌مه‌ش بێ هیواییه‌كی گه‌وره‌ ده‌بێت.

هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتین، كه‌ براوه‌ی نازناوی كۆپا ئه‌مریكای ٢٠٢١ بوو، پێشتر دوو جار نازناوی مۆندیالی به‌ده‌ستهێناوه‌، ئه‌وانیش له‌ ساڵانی ١٩٧٨ و ١٩٨٦.

“ئەرجەنتین به‌ دۆڕانی به‌ مه‌كسیك، راسته‌وخۆ له‌ مۆندیال ده‌كرێته‌ ده‌ره‌وه‌”

مێسی و هاوڕێكانی ئه‌مڕۆ له‌ به‌رده‌م دووڕیانێكی سه‌ختدان، چونكه‌ مه‌كسیك تیپێكی به‌هێزه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ یاری یه‌كه‌مدا له‌گه‌ڵ پۆڵه‌ندا یه‌كسان بوو.

له‌ كۆمه‌ڵه‌ی سێیه‌می مۆندیالی قه‌ته‌ڕ، ئێستا سعودیه‌ به‌ ٣ خاڵ له‌ پله‌ی یه‌كه‌مه‌، مه‌كسیك و پۆڵه‌ندا له‌ پله‌كانی دووه‌م و سێیه‌من و هه‌ریه‌كه‌یان خاڵێكی هه‌یه‌، ئه‌رجه‌نتینیش هیچ خاڵی نییه‌ و له‌ پله‌ی كۆتایی ریزبه‌ندییه‌كه‌یه‌.

“له‌ مێژوودا مه‌كسیك و ئه‌رجه‌نتین ٣٢ یارییان به‌یه‌كه‌وه‌ کردووە”

له‌ مێژوودا مه‌كسیك و ئه‌رجه‌نتین ٣٢ یارییان به‌یه‌كه‌وه‌ كردووه‌، ئه‌رجه‌نتین ١٦ بردنه‌وه‌ی هه‌یه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا مه‌كسیك ٤ بردنه‌وه‌ی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها ١٢ یارییش به‌ یه‌كسانبوون كۆتایی هاتووه‌، گه‌وره‌ترین بردنه‌وه‌ی ئه‌رجه‌نتین به‌سه‌ر مه‌كسیك به‌ ٤-٠ بووه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا گه‌وره‌ترین بردنه‌وه‌ی مه‌كسیك به‌سه‌ر ئه‌رجه‌نتین به‌ ٢-٠ بووه‌.

هاوكات هه‌ر ئه‌مڕۆ له‌ كۆمه‌ڵه‌ی سێیه‌مدا، سعوودیه‌ رووبه‌ڕووی پۆڵه‌ندا ده‌بێته‌وه‌.

خشته‌ و كاتی یارییه‌كانی ئه‌مڕۆ له‌ مۆندیال به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێت:

تونس – ئوستڕالیا ٠١:٠٠ی نیوه‌ڕۆ
پۆڵه‌ندا – سعودیه‌ ٠٤:٠٠ی ئێواره‌
فه‌ره‌نسا – دانیمارك ٠٧:٠٠ی ئێواره‌
ئه‌رجه‌نتین – مه‌كسیك ١٠:٠٠ی شه‌و.