سلێمانی دوا ئامادەکاری بۆ یارییەکەی زاخۆ ئەنجامدا
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
یانەی سلێمانی دوا یەکەی مەشق و راهێنانی لە یاریگای خۆی ئەنجامدا پێش رووبەڕووبونەوەکەی یانەی زاخۆ.
بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ یارییە چارەنوسازەکەیی و گەیشتن بە ریزی یانە پلە نایابەکان، تیپی تۆپی پێی یانەی سلێمانی لەسەر یاریگای خۆی دوا ئامادەکارییەکانی ئەنجامدا.
ئەیاد شەمسوڵای راهێنەری یانەکە لە لێدوانێکی تایبەت بۆ 964 وتی، لە دوای تەواوبوونی یارییەکانی خولی تۆپی پێی یانە پلە یەکەکان و دوای پشوویەکی کورت، تیپەکەمان بە هەموو یاریزانەکانییەوە دەستی کردووەتەوە بە ئامادەکاری بۆ یارییە گرنگەکەمان کە بەرامبەر بە یانەی زاخۆیە.
وتیشی، “ئەمڕۆ یەکشەممە دوا یەکەی مەشقمان لەسەر یاریگای سلێمانی ئەنجامدا و سبەی رۆژی دووشەممە گەشتی شاری هەولێر دەکەین، تاوەکو دوو رۆژی داهاتوو لەسەر یاریگای هەندرێن مەشقەکانمان درێژە پێبدەین”.
یانەی سلێمانی لە خولی یانە پلە یەکەکان پلەی سێیەمی بەدەستهێنا، بە مەبەستی دەستەبەرکردنی بلیتێکی گەیشتنیش بە خولی نایاب، یانەی دایک رۆژی چوارشەممە لە شاری هەولێر رووبەڕووی یانەی زاخۆی خاوەن پلەی 14ـی خولی پلە نایابەکان دەبێتەوە
پێداچوونەوە: توانا نەقی