جەلال بەرزنجی دكتۆرای شانازی لە كەنەدا وەرگرت

+964
كوردستان ئەحمەد- هەولێر

زانكۆی ئەلبێرتای كەنەدا بڕوانامەی شانازی دەبەخشێتە نوسەر و شاعیری كورد جەلال بەرزنجی لەبەرئەوەی داهێنانی لە شیعر كردووە كە پێشتر ئەو بڕوانامەیە بە ماندێلا و دەلایلاما دراوە.

جەلال بەرزنجی لەبارەی وەرگرتنی بڕوانامەكەیەوە قسەی بۆ 964+ كرد، “ئەمڕۆ لەلایەن زانكۆی ئەلبێرتای كەنەداوە بڕوانامەی دكتۆرای فەخریم پێبەخشرا، خەڵاتەكە پێشكەشی گەلی كورد و هەر كەسێك دەكەم كە لەژیان كۆڵنادەن و بەرگری لە ئازادیی دەكەن”.

 لە ئاهەنگی بەخشینی بڕوانامەی دکتۆراکەدا،  سەرۆکی زانکۆی ئەلبێرتا و ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی کەنەدا و  نوێنەری شا چارڵس لە رێورەسمەكەدا بەشداربوون.

“خەڵاتەکە پێشکەشی ئەوانە دەکەم كە سەرەڕای ناخۆشی و ئاستەنگەكان و بەربەستەکانی بەردەمیان کۆڵنادەن و لە كارەكانیان بەردەوامن بۆ باشتركردنی هەسارەكەمان لە رێگەی ئەدەب، هونەر و پێكەوە ژیان”، بەرزنجی وای وت.

بە قسەی خۆی بەهۆی داهێنان لە بواری شیعر، نووسین و کاری رۆژنامەگەری، مسوڕبوون لەسەر ئازادیی و بەرگریكردن لە ئازادی رادەربڕین و مافی مرۆڤ خەڵاتەکەی پێبەخشراوە.

وێنەیەك لە بڕوانمەی دكتۆرای جەلال بەرزنجی لە زانكۆی ئەلبێرتا كە واژۆی سەۆكی زانكۆی لەسەرە

“جەلال بەرزنجی کەسێکی زۆر رێزلێگیراوە بەهۆی کارە ناوازەکانی وەکو نوسەر و داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین، پێش ئەوەی لەگەڵ خێزانەکەی لە ساڵی ١٩٨٨ بچێتە کەنەدا، رووبەڕووی بەندکردن و دوورخستنەوە لە وڵات بووەتەوە”، زانكۆی ئەلبێرتا وەای نوسیوە.

وتاری ئازاد بەرزنجی لە زانكۆی ئەلبێرتا لە كاتی وەرگرتنی بڕوانامەی دكتۆرای شانازی

زانكۆی ئەلبێرتای كەنەدی لە ریزبەندی زانكۆكانی جیهاندا  ٦٨ەمین گەورەترین زانكۆی جیهانە و بڕوانامەی دکتۆرای شانازی بەرزترین بڕوانامەیە لەو زانکۆیە لە كەنەدا و لەلایەن دەستەی باڵای ئەنجومەنی راوێژكاری زانكۆكەوە دەبەخشرێتە كەسایەتیەكی گرنگ كە رۆڵی لە داهێناندا هەبووبێت.

كەمپی زانكۆی ئەلبێرتا لە كەنەدا

جەلال بەرزنجی لە ساڵی ١٩٥٣ لە هەولێر لەدایکبووە و پێشتر لە هەرێمی کوردستان رۆژنامەنوس و راگەیەندكار و نوسەر بووە، خێزاندارە و چوار منداڵی هەیە و هاوڵاتی كەنەدایە.