بەشداریی پاڵەوانیەتیی جیهان دەکەن

پێنج یاریزانی کورد بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کران

+964
كاروان ساڵحی – كەركوك

پێنج یاریزانی یانەی خاك لە شاری بەغدا سەركەوتنیان بەدەستهێنا، بڕیاریشه‌ لە پاڵەوانیه‌تییه‌كانی عه‌ره‌بی و جیهانی نوێنەرایەتی هەڵبژاردەی كاراتێی عێراق بكەن.

رۆژانی پێنجشەممە و هەینی له‌ هۆڵی چالاكییە وەرزشییەكانی وەزارەتی وەرزش و لاوانی عێراق لە بەغدا دوایین پاڵاوتنی یاریزانان بۆ ریزی هەڵبژاردەی كاراتێ‌ عێراق ئه‌نجام درا و تێیدا پێنج یاریزانی یانەی خاك توانیان پلەكانی یەكەم و دووەم لەسەر ئاستەكانی خۆیان بەدەست بهێنن، به‌مه‌ش نوێنەرایەتی عێراق ده‌كەن لە پاڵەوانیه‌تیی جیهان و پاڵەوانیه‌تیی عەرەب، كە بڕیارە ئەم ساڵ بەڕێوەبچن.

كارزان عەلی، راهێنەری كاراتێی یانەی خاك بۆ تۆڕی 964 وتی، “خۆشبەختانە لە كۆی 8 یاریزان، 5 یاریزانمان توانیان پلەی یەكەم و دووەم لە سەر ئاستی كێشەكانی خۆیان بەدەست بهێنن، دوو یاریزانیشمان تووشی پێكان بوون، ئەگەرنا ئەوانیش سەركەوتنیان بەدەستدەهێنا”.

وتیشی، بڕیارە یاریزانه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق مانگی داهاتوو لە ئێران بەشداریی كەمپێكی مەشق و راهێنان بكەن، وەك ئامادەكاری بۆ پاڵەوانیه‌تیی وڵاتانی عەرەب، كە لە جەزائیر بەڕێوەدەچێت، هەروەها پاڵەوانیه‌تیی جیهان كە لە هەنگاریا ده‌كرێت.

ئه‌و یاریزانانه‌ی یانه‌ی خاك، كه‌ بانگهێشتی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق كراون، ئه‌مانه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌نجامه‌كانیان له‌ پاڵاوتنه‌كان:
1- محه‌مه‌د عه‌لی حوسێن، پلەی یەکەم لە کێشی 84 كیلۆگرام
2- هۆزاک هادی به‌کر، پلەی دووەم لە کێشی 75
3- هەورامان مەناف محەمەد، پلەی دووەم لە کێشی 60
4- دیاری محەمەد کاکل، پلەی دووەم لە کێشی 55
5- عومەر مەسعود عەلی، پلەی دووەم لە کێشی 70.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا