هەموو هەینییەک لە ئاکرێ پۆلیس لە بەردەم مزگەوتەکان دەوەستن

فەهمی نەبی

پۆلیسی ئاکرێ بۆ بنبڕکردنی دیاردەی سواڵکردن بڕیاریداوە هەموو هەینییەک پۆلیس لە بەردەم مزگەوتەکانی ناوەوە و دەرەوەی قەزاکە دابنێت.

لە سنوری قەزای ئاکرێ 162 مزگەوت هەن، لەو سنوورەدا چوار تەکیە و چوار کەنیسەش هەن.

موقەدەم عیماد حوسێن بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئاکرێ بۆ 964 وتی، لەسەر راسپاردەی بەڕێوەبەری نوێی پۆلیسی ئاکرێ ئەو بڕیارەی دراوە، لەمەودوا هیچ هەینییەک رێگا نادرێت لە بەردەم مزگەوتەکان دیاردەی سواڵکردن بمێنێت، ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت خەڵکێکی زۆر سکاڵای دەهێنایە پۆلیس و وەک دیاردەیەکی ناشرین برەوی سەندبوو.

موقەدەم عیماد ئەوەشی وت، “هەموو بنکەکانی پۆلیسی قەزای ئاکرێ و سێ ناحیەکەی راسپێردراون رۆژانی هەینی بچنە بەردەم مزگەوتەکان هەر سواڵکەرێک ببینن دەستگیری دەکەن”.

جەوهەر حەدێ بەڕێوەبەری ئەوقافی ئاکرێ بۆ 964 دەڵێت: ئێمە لەگەڵ دیاردەی سواڵکردن نین تەنیا لە حاڵەتی زۆر دەگمەن نەبێت.

بە وتەی جەوهەر حەدێ، حاڵەتی دەگمەن ئەوەیە، نەخۆشێک ئەگەر هیچ چارەیەکی نەک نەشبێت وەتەرگەری چاندنی جگەر کە پارەیەکی زۆری پێویستە، لیژنەیەکی سێ کەسی یان پێنج کەسی بۆ دروست دەکرێت، سندوقێکی لە بەردەم مزگەوت بۆ دادەنرێت تەنیا بۆ یەکجار، بەم شێوەیە رێگەپێدراوە.

بە پێی قسەی پۆلیسی ئاکرێ، دوێنێ هەینی لە بەردەم مزگەوتەکان چەندین سواڵکەر دەستگیرکراون، بەڵام بەبێ ئەوەی ژمارەیان بزانرێت.