کرێکارانی پاكکەرەوەى چەمچەماڵ و دوکان مانیان گرت

964+

هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

بە هۆی پێنەدانی موچەکانیان، کرێکارانی کۆمپانیای شکار، بایکۆتی کارکردنیان راگەیاندوە و دەڵێن “هیچ مانگێک لە کاتی خۆیدا موچە وەرناگرین و زۆربەی مانگەکان قەرز دەکەین”.

کرێکارانی کۆمپانیای شکار لە سنوری هه‌ردوو قەزاكانی چەمچەماڵ و دوکان مانیان گرتووە و داوای موچەی مانگی چوار دەکەن، کە 43 رۆژە پێیان نه‌دراوه‌.

ئەمڕۆ یەکەم رۆژی بایکۆتی کرێکارەکانە و وه‌ك ئه‌وه‌ى 964یش بینیویه‌تى، ئێستا لە چەندین شوێنی ناوبازاڕ و کۆڵانەکان زبڵ و خاشاکى زۆر کۆبووه‌تەوە.

کرێکارێك، كه‌ نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بۆ 964 دەڵێت، “زۆبەمان قەرزارین و بەشێکمان کرێچی و خاوەن نەخۆشین، سەرەڕای زۆری قەرزەکانمان لە لای مارکێت و دوکاندارەکانە”.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كه‌ن، قورسی دۆخی ژیان و کەمی موچەکانیان کە یەکی بری 300 هەزاری مانگانە وه‌رده‌گرن، به‌ڵام لە کاتی خۆیدا پێیان نادرێت.

بەرپرسێکی کۆمپانیای شکار بۆ 964 وتی، “دەبێت حکومەتی هەرێم سلفەمان بۆ خەرج بکات، چونكه‌ ئێمەش وەک کۆمپانیا قەرزاری خەڵک و بازاڕین، هەرکات سلفەمان بۆ خەرج بکرێت، تەواوی پارەی کرێکارو خاوەن قەرزەکان دەدەینەوە و بڕیارە لە رۆژی یەکشەممە یان دووشەممە موچەی مانگی چواری کرێکارەکانمان بدەین”.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن