کارمەندانی MRF داوادهكهن موچهكانیان دوانهكهوێت
964+
زەید کۆچەر- ئاکرێ
ئەمڕۆ 13.5.2023، لە قەزای ئاکرێ بەشێک لە کارمەندانی کۆمپانیای MRF لە بەردەم بینای قایمقامیەت گردبوونەوەی نارهزاییان ئەنجام دا و داوایان كرد له كاتى خۆیدا موچهیان بدرێتێ.
یاسر حیکمەت، بەرپرسی راگەیاندنی کۆمپانیای MRF بە 964ـى وت، کارمەندەکانیان بەهۆی دواكهوتنی موچە، گردبوونەوەیان ئهنجامداوه و داوایان لە کۆمپانیا کرد، چیتر بێدەنگ نابن له دواكهوتنى موچهكانیان.
روونیكردهوه “وەک کۆمپانیا گرێبەستەکەمان لەگەڵ حکومەتی هەرێم لە مانگی 11 ساڵی 2022 کۆتایی پێهاتووە و تا ئێستاش توانیومانه چوار مووچەی بۆ کارمەندان دابین بكهین”.
وتیشی “دوای داواکردن و داوایەکی زۆر خۆشبەختانە گرێبەستی سەرجەم کارمەندەکان لەگەل حکومەتی هەرێم نوێدەکرێتەوە، ئێستاش تەنیا چەند رێکاری ئیداری ماوە و کێشەی موچە به گشتی چارەسەر دەکرێت” .
بڵند رەزا زوبێر، سەرۆک شارەوانی ئاکرێ بە 964ـى راگهیاند “ئەم کارمەندانە، پێش ئێستا گرێبەستەکەیان بۆ نوێ دەکرایهوە بەڵام کۆمپانیای MRF لەگەل کۆمپانیای “تۆبی” شەراکەتیان هەبووە، ئهمهش نوێكردنهوهكهى دواخستووه”.
ئاماژهى بهوهش كرد، بڕیارە سبهى رۆژی یەکشەممە گرێبەستی کارمەندانی کۆمپانیای MRF نوێبکرێتەوە و سەرجەم کێشەکان چارەسەر ببێت.
ژمارەی کارمەندانی کۆمپانیای MRF لە هەرسێ قەزای ئاکرێ، شێخان و بەردەڕەش 750 کەس دەبێت لەسەر ئاستی ناحیە و شارەوانی دابەش دەبن لەسەر 20 شارەوانی و موچەکانیان لە نێوان 300 بۆ 500 هەزار دینار دەبێت.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن