ڤیدیۆ: کولەکەی ١١٤ سانتیمی لە باڵەکایەتی

964+

زۆزک باڵەک – باڵەكایەتی

ڤیدیۆ

لە گوندی كەوەرتەی سەر بە قەزای چۆمان لە سنووری باڵەكایەتی، جووتیارێک کولەکەیەکی بەرهەمهێناوە کێشی پێنج کیلۆیە، درێژییەکەیشی سەرسوڕهێنەرە.

هونەر هەژار جووتیارێكی گوندی كەوەرتەیە لە قەزای چۆمان، ئەو خاوەنی کولەکە درێژەکەیە، بە 964+ی وت، نزیکەی چوار بۆ پێنج تۆوی کولەکەی لەنێو زەوییەکەی چاندووە، دوای نزیکەی چوار مانگ تەنیا یەک کولەکە بەرهەمهاتووە کە درێژییەکەی ١١٤ سانتیمە.

هونەر تۆوەکانی لە هاوڕێیەکی سەندووە کە لە سۆران کاری جووتیاری دەکات، لە سەرەتای مانگی حەوت چاندوونی و لە مانگی ١١ لێیکردووەتەوە.

هونەر دەڵێت، هاوڕێکەی لە سۆران هەمان جۆر تۆوی کولەکەی چاندووە بەڵام ئەو بەرهەمەی نەداوە.

هونەر هۆكاری گەورەبوون و پێگەیشتنی كولەكەکەی بۆ گونجاوی ئاو و هەوا و خاكی باڵەكایەتی دەگێڕێتەوە، دەڵێت ناوچەیەكی گونجاو و بەپیت و بەرەكەتە و ساڵانە رێژەیەكی زۆر جووتیار روو لە ناوچەكە دەكەن بە مەبەستی داچاندن و بەرهەمهێنانی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان.

درێژترین کولەکە کە لە کتێبی گینس تۆمارکرابێت قەبارەی دوو مەتر و ٥٢ سانتیمە و لەلایەن کەسێک بەناوی جیۆڤانی باتیستا سکۆزافاڤا لە کەنەدا، مێژووی بەرهەمهێنانەکەی بۆ رۆژی ٢٨ی ئابی ساڵی ٢٠١٤ دەگەڕێتەوە.

گوندی كەوەرتە بە دووری ١١ کیلۆمەتر دەكەوێتە بەشی باشووری شارۆچكەی چۆمانی سەر بە پارێزگای هەولێر و نزیكەی ٥٠ ماڵی تێدا نیشتەجێیە كە بەشێكی زۆریان سەرقاڵی كاری كشتوكاڵی و ئاژەڵدارین.