کۆبوونەوەی قایمقامی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان. فۆتۆ: قایمقامیەتی سلێمانی
لیژنەیەک بۆ پاراستنی گەڕەکە کەلەپوورییەکانی سلێمانی پێکدەهێنرێت
هاوبەش ئەبوبەکر
لە سلێمانی لیژنەیەک لە کەسانی شارەزا بۆ پاراستنی گەڕەکە کەلەپوورییەکان شارەکە پێکدەهێنرێت و بۆ ئەو مەبەستە رێنمایی نوێ تووندتر دەردەکرێت.
قایمقامیەتی سلێمانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە فەیسبووک رایگەیاند، ئەندامانی لیژنەکە پێکدێن لە نوێنەرانی شارەوانی، شوێنەوار، زانکۆی سلێمانی و هاتوچۆ، هەوڵەکان یەکدەخرێن و پێداچونەوە بە رێنماییەکان دەکرێت.
“پاراستنی شوێنەوار و کەلەپووری شارەکهمان بەشێکە لە مێژوومان، نامانەوێن لەناوبچن، بۆیە یاسای 5ی ساڵی 2021 کە بۆ پاراستنی کەلەپوور و شوێنەوارەکانی هەرێمی کوردستانە، وەک خۆی لەشاری سلێمانی جێبەجێ دەکەین”، ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی لە میانی کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان وای وت.
قایمقام باسی رێگەچارەیەکی کردووە بۆ ئەو کێشانەی رووبەڕووی لیژنەی پاراستنی شوێنەواری قایمقامیەتی سلێمانی دەبنەوە، لە کاتی جێبەجێکردنی یاسای پاراستنی شوێنەوار و کەلەپوور.
“لە شاری سلێمانی حەوت بۆ هەشت گەڕەکی کەلەپووری هەن، هەموومان هاوڕاین لەسەرئەوەی رێگە نادەین چیتر ئەو کەلەمێژووە گرنگەی شارەکەمان تێکبدرێت، چونکە ناسنامەی شاری سلێمانین”، قایمقامی سلێمانی وای وت.